پەرلەمانی ئێران، ڕۆژی چوارشەممە، بە ٢٢١ دەنگی بەڵێ و یەک دەنگی بێلایەن، پڕۆژەیاسای ڕاگرتنی هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی پەسەند کرد. بەپێی پڕۆژەیاساکە، حکوومەتی ئێران ناچار دەکرێت هاتنی هەموو جۆرە پشکێنەرێکی ئاژانس بۆ ناو خاکی وڵاتەکەی قەدەغە بکات.
بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، حکوومەتی ئێران ئەرکدار کراوە هاوکارییەکانی لەگەڵ ئاژانس هەڵپەسێرێت تا کاتی دابینکردنی ئاسایشی دامەزراوە و شارەزا ئەتۆمییەکانی و بەفەرمی ناساندنی مافی پیتاندنی یۆرانیۆم لەسەر خاکی ئێران، ئەگەر ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران بە پێویستی بزانێت.
ئەم پڕۆژەیاسایە لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نەتەنز، فەردۆ و ئەسفەهان و لەسەر پێشنیازی محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان، خرایە دەنگدانەوە.
محەمەدباقر قالیباف لە وتارێکدا لە پەرلەمان ڕای گەیاند: “بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران بە خێراییەکی زیاترەوە بەردەوام دەبێت.”
لەلایەکی دیکەوە، عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ڕەخنەی توندی لە ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی گرت و گوتی: “گرۆسی دەبێت شەرم لە خۆی بکاتەوە، کاتێک لە ئێرانە شتێک دەڵێت و کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئاژانس، کارێکی دیکە دەکات.”
ئاژانسی هەواڵی “تەسنیم” بڵاوی کردەوە، مەحموود نەبەویان، جێگری سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانیی پەرلەمان، جەختی کردووەتەوە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە بە مانای کشانەوەی ئێران لە “پەیمانی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ئەتۆمی” (NPT) نییە، بەڵام گوتیشی: “هاتنەژوورەوەی هەر پشکێنەرێک، چ سەرۆک بێت یان کارمەند، بەڕێوەبەری گشتی یان هەر ئەندامێکی دیکە، بۆ ناو وڵات قەدەغە دەکرێت.”
بە گوتەی نەبەویان، ئێران تا ئێستا زانیاریی چالاکییە ئەتۆمییەکانی داوەتە ئاژانس، بەڵام ئاژانس زانیارییەکانی “ڕاستەوخۆ” گەیاندووەتە ئیسرائیل. لە پڕۆژە پەسەندکراوەکەدا پێدانی هەر جۆرە ڕاپۆرتێک بە ئاژانس قەدەغە کراوە.
پەسەندکردنی ئەم پڕۆژەیاسایە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی حاکمانی ئاژانس لەم دواییانەدا بڕیارنامەیەکی لە دژی ئێران دەرکردبوو و تێیدا ئیدانەی “پێشێلکردنی پابەندییەکانی پەیمانی NPT”ی لەلایەن تارانەوە کردبوو. ڕافائێل گرۆسی داوای لە ئێران کردبوو هاوکارییەکانی لەگەڵ ئەو ڕێکخراوەیە دەست پێ بکاتەوە و ئامادەیی خۆی بۆ سەردانیکردنی تاران نیشان دابوو.
هەواڵی داهاتوو

