zagros news agency

کۆشکی سپی دەنگۆکانی گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێرانی ڕەت کردەوە

کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەت کردەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئێران پێش دەستپێکردنی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، یۆرانیۆمە پیتێنراوەکانی گواستبێتەوە.
ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک شارەزای نێودەوڵەتی پێیان وابوو، ئێران پێش دەستپێکردنی هێرشەکان، نزیکەی ٤٠٠ کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی ٦٠٪ پیتێنراوی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیدا گواستبێتەوە.
بەڵام لیڤیت، ڕۆژی چوارشەممە لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی “فۆکس نیوز”، ئەو ڕاپۆرتانەی بە “نادروست” ناو برد و گوتی: “دڵنیاتان دەکەمەوە ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ بەڵگەیەکی بەدەست نەگەیشتووە کە بیسەلمێنێت ئێران پێش هێرشەکان یۆرانیۆمی بە ڕێژەی بەرز پیتێنراوی گواستبێتەوە.”
پێشتر بەرپرسانی ئێران دانیان بەوەدا نابوو کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانیان لە ئەنجامی هێرشە هاوبەشەکانی ١٢ ڕۆژەی ئەمریکا و ئیسرائیلدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. لەم بارەیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی لەناوبردنی تەواوەتیی سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی سەرەکیی ئێران.
لەلایەکی دیکەوە، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی “فرانس-٢” نیگەرانیی خۆی دەربڕی و گوتی: “ئاژانس لە ساتەوەختی دەستپێکردنی پێکدادانەکانەوە، توانای چاودێریکردنی ئەو ماددانەی نەماوە.” بەڵام گرۆسی گوتیشی: “نامەوێت ئەو تێگەیشتنە دروست ببێت کە یۆرانیۆمە پیتێنراوەکە ون بووە یان شاردراوەتەوە.”

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌رۆكی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ ڕاوێژكارى ئاسايشى نیشتمانيى عێراق كۆبووه‌وە

سەڵاح

لیڤەرپول و فلۆریان ڤێرتز نزیکن لە رێککەوتنی کۆتایی

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات

سەڵاح