zagros news agency

هۆشیار زێباری: كاتی ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی بەپێی دەستوور دروست بكرێتەوە

 

ئەندامێكی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت كە كاتی ئەوە هاتووە هەموان داوا بكەن، دادگای فیدڕاڵیی عێراق بەپێی ماددە ٩٢ی دەستووری هەمیشەیی عێراق دروست بكرێتەوە.

لە دوای قەبووڵكردنی داواكارییەكەی دادوەر جاسم عمێری، سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی عێراق و پێشنیازكردنی دادوەرێكی دیكە بۆ دانانی وەك سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی، كاردانەوەی جۆراوجۆر دروست بوو.

لەم چوارچێوەیەدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە نووسینێكدا كە لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی (X) بڵاوی كردۆتەوە، رای گەیاند: ”دادپەروەریكردن بنەمای فەرمانڕەواییكردنە. پاش ئەو قەیرانە دادوەرییەی لەگەڵ دادگای باڵای فیدڕاڵی هاتۆتە ئاراوە، ئێستا كاتی ئەوەیە كە هەموان داوای سەرلەنوێ دروستكردنەوەی دادگای فیدڕاڵی بەپێی دەستوور و بە گوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی ٢ی دەستوور بكەین.“

ئەوەشی خستۆتە ڕوو كە ”ئەمەش لەپێناو وەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی بۆ دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵیی دیموكراتیی یەكگرتوو، هەروەها بەدیهێنانی سەربەخۆیی دادوەری دوور لە بەسیاسیكردن.“

جێی باسە، بە گوێرەی ماددەی ٩٢ لە دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێویستە دادگای فیدڕاڵی لە چەند توێژێك پێك بێن كە ئەوانیش (دادوەر، یاساناس و شارەزای فیقهی ئیسلامی)ن، سەرجەم ئەو كەسانەش بەپێی یاسایەكی تایبەت بە دادگای فیدڕاڵی كارەكانیان رێك دەخرێت، بەڵام ئەو دادگای فیدڕاڵییەی ئێستا هەیە، جگە لەوەی تەنیا لە (دادوەر)ان پێك دێت، بەپێی یاسایەكی هەموار كار دەكات كە پێش بەركاربوونی دەستووری هەمیشەیی عێراق دەركراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

دیکۆ: لەگەل ئەستێرەییەکی بەرشەلۆنە گرێبەست نوێ دەکەینەوە

یاسین

شەپۆلی گەرمای توند لە بەرازیلی گرتەوە

یاسین

چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێش لەسەر ئەم وێنەیە هەیە

یاسین