بەهۆی ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستانەکانی دەوروبەری ئیزمیر و بەرزبوونەوەی دووکەڵێکی چڕ، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدنان مەندەرێس بە شێوەیەکی کاتی داخرا و گەشتە ئاسمانییەکان، بەتایبەتی گەشتەکانی نێوان ئامەد و ئیزمیر، ڕاگیران.
ئاگرێک ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، لە دارستانەکانی ناوچەی گازیئەمیری پارێزگای ئیزمیری تورکیا کەوتەوە و بەهۆی بای بەهێزەوە بە خێرایی لە سنوورێکی بەرفراواندا بڵاو بووەوە.
دووکەڵی چڕی ئاگرەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بینین لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی عەدنان مەندەرێس، بەم هۆیەشەوە بەرپرسانی فڕۆکەخانەکە بڕیاریان دا بە شێوەیەکی کاتی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان ڕابگرن.
ئەم بارودۆخە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان ئامەد و ئیزمیر و ئاراستەی هەندێک لە فڕۆکەکانیش بەرەو فڕۆکەخانەکانی دیکەی نزیک گۆڕدرا.

