zagros news agency

وشكه‌ساڵى 70 ناوچه‌ى فراوانى ناوه‌ڕاست و خوارووى عێراق ده‌گرێته‌وه‌

 

هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی نیگەرانی گشتی و فەرمی سەبارەت بە تێکچوونی دۆخی ئاوی وڵاتەکە، لیژنەی کشتوکاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق، سەبارەت بە زیادبوونی به‌ردانه‌وه‌ى ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فورات له‌لایه‌ن توركیاوه‌، جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هێشتا ڕووبەڕووی قەیرانێکی “زۆر مەترسیدار” بووەتەوە، کە زیاتر لە 70 ناوچە مەترسی کەمی ئاویان لەسەرە.

سائیر جبوری ئه‌ندامى لیژنەکە ڕاگەیاند “باسکردن لەبارەی به‌ردانه‌وه‌ى زیاتر لە 400 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا له‌لایه‌ن ئه‌نقه‌ره‌وه‌ ته‌نها لە میدیاکان گوێمان لێبووه‌، بەڵام تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە ئاستی ئاو لە چوارچێوەی خاکی عێراقدا دەستنیشان نەکراوە”.

هه‌روه‌ها گوتی: “ئەگەر ئەم زیادبوونە ڕاست بێت، ئەوا ئەنجامە سەرەتاییەکانی لەماوەی 24 بۆ 48 کاتژمێردا بە دەرکەون “، ئاماژەی بەوەشکرد “ئەو ڕێژەیەی ئێستا لە تورکیاوە به‌رده‌درێته‌وه‌ تەنها 15%ی ئەو بڕە پێکدەهێنێت کە لە هاویندا لەگەڵ عێراق ڕێککەوتوون، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گەورەیی ئەو کارەساتەیە کە ڕووبەڕووی وڵاتەکە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی فورات”.

ڕوونی کردەوە کە “به‌هۆى كه‌می ئاوه‌وه‌ زیاتر لە 70 ناوچەی فراوان خراونه‌ته‌ لیستى ناوچەی سوورەوە، هەروەها تێکچوونی بارودۆخی هەردوو ڕووباری سەرەکی دیجله‌ و قورات و لقه‌كانیان، ئەمەش پێشبینی وەرزێکی کشتوکاڵی سه‌خت و خراپتربوونی مەترسییە ژینگەییەکان دەکات”.

ئه‌و په‌رله‌مانتراه‌ ڕوونیشیکردەوە، “قەیرانی ئاو تەنها بە ڕووبارەکانه‌وه‌ په‌یوه‌ست نییە، بەڵکو بەهۆی دابەزینی بەرچاوی توانای عەمبارکردنی بەنداوە سەرەکییەکان، کە گەیشتووەتە نزمترین ئاستی خۆیان لە ماوەی دەیان ساڵدا، ئەمەش مەترسییەکی بێ وێنەی بۆ سەر ئاسایشی ئاو، دروست کردووە”.

لە کۆتاییدا وتی “ئەگەر مەبەستی ئەنقەرە بۆ پابەندبوون بە به‌ردانه‌وه‌ى ئاو وەک ئەوەی ڕاگەیەندراوە ڕاست بێت، ڕه‌نگه‌ چارەسەری بەشەک له‌ قەیرانی وشکەساڵی بكات. لەگەڵ ئەوەشدا بەس نابێت ئەگەر هەنگاوی دانوستانی ستراتیژی و گەرەنتی هەمیشەیی بۆ پشکی ئاوی عێراقی لەگەڵدا نەبێت”.

سەرەڕای چەندین کۆبوونەوەی دوو قۆڵی و دانوستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا، زۆرجار دەرئەنجامەکانیان کاتییە یان پەیوەستن بە بارودۆخی سیاسییەوە، بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێکی پابەندکەر لەسەر پشکی ئاو. کێشەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەبێت بەهۆی نەبوونی سیاسەتێکی نیشتمانی یەکگرتووی ئاو، کەمبوونەوەی وەبەرهێنانەکان لە مۆدێرنکردنی تۆڕەکانی ئاودێری و کشتوکاڵی و بەفیڕۆدانی ئاوی بەرچاو.

ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی فورات زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، کە کاریگەرییەکانی وشکەساڵی بە ڕوونی دیارە لە ڕێگەی کۆچی زۆرەملێی دانیشتوان و کەمبوونەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی و مەترسی لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.

ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق لەنێو ئەو پێنج وڵاتەدایە کە له‌ ده‌یه‌كانى داهاتوودا، زۆرترین زیانی وشکەساڵیان به‌رده‌كه‌وێت، مەگەر ستراتیژییەکی بەپەلەی ئاو پەسەند بکرێت کە بریتی بێت لە دانوستانی ناوچەیی، ڕێکخستنی بەکارهێنانی ناوخۆیی، پەرەپێدانی ژێرخانی ئاو، و زیادکردنی پشتبەستن بە تەکنەلۆجیای خاوێنكردنه‌وه‌ى ئاو و دووبارە بەکارهێنانەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

پیسبوونی هەوا لە تاران گەیشتە ئاستێکی مەترسیدار

سەڵاح

کۆمارییەکانی ئەمریکا لەسەر دۆخی

سەڵاح

ئاکسیۆس: یەکەمین پێشنیاری نووسراوی ئەتۆمیی ئامریکا بە ئێران پێشکەش کرا

سەڵاح