سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، مەرجی وڵاتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ئۆکرانیا ڕاگەیاند و جەختی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ڕووسیا و چارەکردنی هۆیەکانی ئەو شەڕە کرد.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی (مەجیار نیمزیت)ـی هەنگاری، گوتی: ڕووسیا بە ئاگربەست لەگەڵ ئۆکرانیا رازی نابێت، تاوەکوو سزاکانی سەر وڵاتەکە هەڵنەگیرێت و وڵاتانی ڕۆژئاوا سەدان ملیار دۆلاری بلۆککراوی ڕووسیا نەگەڕێنێتەوە.
لاڤرۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، “دەبێت سزاکانی سەر ڕووسیا هەڵبگیرێن، هەموو داواکارییە یاساییەکانی دژی ڕووسیا هەڵبوەشێنرێنەوە، هەروەها ئەو سەروەت و سامانانەی لە ڕۆژئاوا دەستیان بەسەردا گیراوە، بگەڕێندرێنەوە.”
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا جەختیشی کردەوە، هەر ئاگربەستێک دەبێت چارەی هۆکارە بنەڕەتییەکانی شەڕی ئۆکرانیا بکات، کە لە شوباتی 2022ەوە دەستی پێ کردووە.
بەرپرسانی ڕووسیا چەندین جار دەستەواژەی “هۆکارە بنەڕەتییەکان”یان بەکارهێناوە، کە بە گوتەی پوتن بریتییە لە، ئۆکرانیا لەو ناوچانەی کەوتووەتە ژێر دەستی ڕووسیا، بکشێتەوە، هەروەها واز لە هەوڵەکانی بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ بهێنێت.
لاڤرۆڤ گوتیشی: دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە فەرمی دوورگەی کریمیا و ناوچەکانی دۆنێتسک، لوهانسک، خێرسۆن و زاپۆریژیا وەک بەشێک لە ڕووسیا بناسێنێت.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوەش کرد، ڕوسیا دەرگای بەڕووی چارەی سیاسی و دیپلۆماسی کراوەیە، بەڵام هۆشداریشیدا کە مۆسکۆ ڕێگە بەوەستاندنی کاتی شەڕ نادات تاوەکوو ئۆکرانیا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی کۆببنەوە.
شاندەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا لە میانی دانوستانەکانی 2ـی حوزەیران لە ئیستانبوڵ، یاداشتنامەیەکیان ئاڵوگۆڕ کرد کە مەرجەکانی ئەگەری ئاگربەستیان خستەڕوو.

