وشكەساڵی زۆنگاوەكانی رۆژهەڵاتی پارێزگای میسانی گرتووەتەوە و مەترسی لەسەر ژیانی دانیشتوانەكەی دروستكردووە و داوای بەهاناوەچوون دەكەن.
میدیا عیراقییەكان بڵاویان كردەوە، رووبار و چەمەكانی زۆنگاوەكانی باشوورو رۆژهەڵاتی پارێزگای میسان وشكبونی تەواوەتی خۆیەوە بینیوە كە بووەتە هۆی كۆچی بەكۆمەڵی زۆرێك لە دانیشتوانەكەی و بڕانی تۆڕی ئاو بۆ زۆربەی گوندەكانی نزیك لە زۆنگاوەكانی پارێزگاكە.
ژمارەیەك لە دانیشتوانی گوندەكانی ئەمیلحە، زوەیدەو شوەیتیات ، گوتویانە، كارە سەرەكییەكانی بژێوی ژیانیان وەستاوە وەكوو ماسیگرتن و بەخێوكردنی گامێش، هەروەها مرداربوونەوەی ئاژەڵەكانیان بەهۆی بەتینوێتی و برسیەتی.
گوندنشینەكان داوایان لە دەزگاكانی حكوومەت كردووە بەپەلە دەستوەردان بكەن و ئاوی زۆنگاوەكان بكەنەوە بۆ رزگاركردنی ئەو گوندانەی كە ماونەتەوە.
مونیر ساعدی، بەرێوەبەری ناحیەی مشرەح لە میسان رایگەیاند: “بەهۆی وشكبوونی رووبار و زۆنگاوەكان كۆچی بەكۆمەڵ لە گوندەكان بەرەو شاری میسان دەستی پێكردووە، ئەوەش كارێگەری خراپی ئابووری و كۆمەڵایەتی لێ كەوتووەتەوە.”
ئاشكراشی كرد، 50 گوندی ناوچەكە یان چۆلبوونە یان بەهۆی وشكەساڵێەوە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
عادل موختار، پسپۆڕی ئاو و ژینگە،ڕایگەیاندووە: “عێراق بەدەست دۆخێکی مەترسیداری بێئاوییەوە دەناڵێنێت و وشکەساڵییەکی ڕاستەقینە و کوشندە بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش دەیخاتە ڕیزبەندیی ئەو (10) وڵاتەی کە زۆرترین زیانیان بەهۆی وشكبوونەوەوە لەسەرە.” ڕوونیشی کردەوە کە “عێراق لە ئێستادا بە سەختترین قەیرانی ئاودا تێدەپەڕێت لە تەواوی مێژووی خۆیدا.”

