zagros news agency

ئەمریكا باجی گومرگی بە ڕێژەی 30% بەسەر هاوردەکانی عێراقدا دەسەپێنێت

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 9ی 7ی 2025، کۆشکی سپی لە نامەیەکی فەرمیدا کە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سودانی نێردراوە، ڕایگەیاند، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە 1ی ئابی 2025ەوە دەست دەکات بە وەرگرتنی باجی گومرگی بەڕێژەی 30% لەسەر هەموو ئەو بەرهەمانەی لە عێراقەوە هاوردە دەکرێن.

 

لە نامەکەدا، حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، کە بڕیارەکە دوای چەندین ساڵ لە “ناهاوسەنگیی بازرگانی” دێت، کە تێیدا ئەمریکا زۆر زیاتری لە عێراق هاوردە کردووە لەوەی لە بەرامبەردا هەناردەی دەکات.

کۆشکی سپی پەیوەندییە بازرگانییەکەی ئێستای بە “نادادپەروەرانە و یەکلایەنە” وەسف کردووە و هۆکارەکەشی گەڕاندۆتەوە بۆ باجە گومرگییەکانی عێراق، بەربەستە بازرگانییەکان و سیاسەتەکانی دیکە کە چوونەژوورەوەی بەرهەمە ئەمریکییەکانیان بۆ بازاڕی عێراق قورس کردووە.

 

نامەکە ڕایگەیاندووە، کە ئەمریکا هێشتا دەیەوێت بەردەوام بێت لە هاوبەشییە بازرگانییەکەی لەگەڵ عێراقدا، بەڵام بە شێوەیەکی هاوسەنگتر و دادپەروەرانەتر. ئاماژەی بەوەش داوە، کە باجە گومرگییە نوێیەکە بەسەر هەموو کاڵا عێراقییەکاندا جێبەجێ دەکرێت، بەبێ گوێدانە کەرتەکان و هەر هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لە باجەکە وەک ناردنی بەرهەمەکان لە ڕێگەی وڵاتانی ترەوە سزاش دەدرێت.

 

ئەمریكا لە نامەكەدا هۆشداریشی داوە، کە “ئەگەر بە هەر هۆکارێک بڕیاربدەن گومرگەکانتان بەرزبکەنەوە، ئەوا، هەر ڕێژەیەک هەڵبژێرن بۆ بەرزکردنەوەیان، دەخرێتە سەر ئەو 30%ەی کە ئێمە دامانناوە.”

 

کۆشکی سپی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر کۆمپانیا عێراقییەکان بڕیار بدەن کاڵاکانیان لەناو ویلایەتە یەکگرتووەکاندا بەرهەمبهێنن، ئەو بەرهەمانە ڕووبەڕووی باجە گومرگییە نوێیەکە نابنەوە.

 

هەروەها نامەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە مەبەست لە باجە گومرگییە نوێیەکە پاراستنی ئابووری و ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکایە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئۆنسەیەک زێر بە 2856 دۆلارە

سەڵاح

مه‌سرور بارزانی پێشوازی لە باڵوێزی پاکستان دەکات

سەڵاح

لوید ئۆستن:ئێران هێرشبکاتەسەر ئیسرائیل روبەڕوى لێکەوتەى جددى دەبێتەوە

سەڵاح