سەرچاوەیەک دەڵێت، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دواخرا بۆ دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی بڕیاری خۆی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەردەکات.
سەرچاوەکه به شەفەق نیوزی راگەیاندوو: “هێزەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵيت رەزامەندییان دەربڕی لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەکەیان، کە بڕیاربوو دوێنێ چوارشەممە بەڕێوەبچێت، بەهۆی دەرنەکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، کە بڕیاره لە 28ی تەمموز دەربچێت. بۆیە ناتوانرێت هیچ بڕیارێک لەلایەن هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتەوە دەربکرێت سەبارەت بە پرسی مووچەی فەرمانبەران.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “پرسی مووچەی هەرێم و بەبانکی کردن، هاوکات لەگەڵ پرسی نەوتی هەرێم و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن، لە گرنگترین بابەتەکانی کارنامەی کۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەتدا بوون. لەگەڵ ئەوەشدا گفتوگۆی چڕ لەنێوان سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بووە هۆی دواخستنی کۆبوونەوەکە بۆ دوای راگەیاندنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ ئەوەی پێش بڕیاری دادگا نەکەون.”
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، “ناڕەزایەتیی هێزە کوردییەکان و سوننەییەکان لە خستنەڕووی یاسای حەشدی شەعبی و گفتوگۆی لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەمان، لە هۆکارەکانی دواخستنی کۆبوونەوەکە بوون.”
سەرچاوەیەکی سیاسی دوێنێ رایگەیاند، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە سەرکردەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کۆبوونەوەیەکی فراوان لە بەغدا ئەنجام دەدەن بۆ تاوتوێکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، لەوانە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم، هەروەها چارەسەرکردنی پرسی بوونی هێزەکانی تورکیا و پەکەکە.

