یەکشەممە، 20ـ7-2025، هاووڵاتیانی شارۆچکەی خاڵس لە پارێزگای دیالە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان خۆپیشاندانیان کرد.
میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویان کردەوە، دانیشتوانی شارۆچکەی خاڵس لە پارێزگای دیالە، لە بەردەم باڵەخانەی قایمقامییەت خۆپیشاندانیان کرد و داوای خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیان کرد، بەتایبەتی قیرتاوکردنی ڕێگاوبان و کارەبا و ئاو.”
یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان گوتی: “شارۆچکەی خاڵس کەمترین پێداویستییەکانی ژیانی تێدایە و بەدەست نەبوونی ژێرخانەوە گرفتارە، بەتایبەت لەڕووی ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و تەنانەت ڕووناکی شەقامەکانەوە”، ئاماژەی بەوەش کرد “ئەمڕۆ دانیشتوانی ئەو ناوچەیە ڕاپەڕین بۆ ئەوەی داوای گۆڕانکاری لە شارۆچکەکە بکەن.”
لەم چوارچێوەیەدا، خۆپیشاندەرێکی گوتی: کارکردن لە پرۆژەی ئاوەڕۆ زیاتر لە 20 ساڵە وەستاوە، ئێستا خاڵس شارۆچکەیەکی کارەساتاوییە. تەنانەت لە هاتووچۆ و چوونە سەر کاریشدا ڕووبەڕووی کێشە دەبینەوە.”
گوتیشی: ئەگەر داواکارییەکانمان جێبەجێ نەکرێت، خۆپیشاندانی زیاتر فراوانتر دەکەین و ڕێگای ستراتیژی بەغدا-کەرکووک دادەخەین.

