حکوومەتی سووریا بۆ گواستنەوەی سەدان کەسی بەدەوییەکان، پاسی ناردووەتە پارێزگای سوەیدا، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتە لەگەڵ لایەنەکانی پارێزگای سوەیدا بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە.
ئاژانسی هەواڵی سووریا ‘سانا’ بڵاوی کردەوە، دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە پارێزگای سوەیدا، حکوومەتی سووریا پاسی بۆ گواستنەوەی 1500 کەسی هۆزە بەدەوییەکان ناردووەتە پارێزگاکە.
ئەحمەد دالاتی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای سوەیدا، ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ئەو بنەماڵە بەدەویانەی لەو پارێزگایە دەستبەسەر کراون ئازاد دەکرێن.
ئەحمەد دالاتی ئاماژەی بەوەدا، گەرەنتی گەڕانەوەی ئەم خێزانانە بە سەلامەتی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دەکرێت، ئەمەش لە چوارچێوەی پابەندبوونی دەوڵەت بە پاراستنی هەموو هاووڵاتیان و یەکگرتوویی نیشتمان.
جەختیشی کردەوە کە هەموو لایەنەکان پابەندن بە ئاگربەست، دەبێت ڕێگە بە دامودەزگاکانی دەوڵەت بدەن ڕۆڵی خۆیان لە گەڕاندنەوەی ئاسایش و سەقامگیری بۆ پارێزگاکە بگێڕن.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو سەرۆکایەتیی سووریا ئاگربەستی لە سوەیدا لە نێوان هۆزەکانی سووریا و درووزەکانی ڕاگەیاند و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد بە سزای لێپرسینەوە پابەندی ڕێککەوتنەکە بن.
ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی تەممووزی 2025، تیمەکانی بەرگری شارستانی سووریا 73 هاووڵاتی مەدەنییان لەپارێزگای سوەیدا بۆ بەسەڕی شام گواستەوە کە زۆربەیان ئافرەت و منداڵ بوون.

