پێکدادانی سنووریی نێوان تایلەند و کەمبۆدیا بەهۆی ئاڵوگۆڕی تەقەوە گرژیی تێکەوتووە و بووەتە هۆی کوژرانی ٩ هاووڵاتیی سڤیل لە تایلەند. هەردوو لا یەکتر بە دەستپێکردنی پێکدادانە سەربازییەکان تۆمەتبار دەکەن و هەریەکەیان دەڵێت لایەنی بەرانبەر یەکەمجار تەقەی کردووە.
سوپای تایلەند دەڵێت سەربازانی کەمبۆدیایی تەقەیان لە بنکەیەکی سەربازی لە پارێزگای سورین لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تایلەند کردووە. لە بەرانبەردا، کەمبۆدیاش تایلەند بەوە تۆمەتبار دەکات کە یەکەم گوللەی لەلایەن ئەوانەوە تەقێنراوە.
سوپای تایلەند لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردووەتەوە، نووسیویەتی ٩ هاووڵاتیی سڤیل کوژراون و لانیکەم ١٤ کەسی دیکە بریندار بوون. ئەم ئامارە بە شێوەیەکی سەربەخۆ پشتڕاست نەکراوەتەوە.
لە بەیاننامەیەکی دیکەدا، سوپای تایلەند باسی لە “کردەوەی توندوتیژانە و نامرۆڤانە”ی هێزەکانی کەمبۆدیا کردووە کە بە مووشەکی جۆری BM-21 هێرشیان کردووەتە سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون. هەردوو لاش پشتڕاستیان کردووەتەوە کە تایلەند لانیکەم یەک فڕۆکەی جەنگی بەکار هێناوە.
هون مانێت، سەرۆکوەزیرانی کەمبۆدیا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیویەتی: “کەمبۆدیا هەمیشە ویستوویەتی بە شێوەیەکی ئاشتیانە کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام لەم حاڵەتەدا هیچ بژاردەیەکی دیکەمان نەبوو جگە لەوەی وەڵامی سەربازیی ئەم هێرشە چەکدارییە بدەینەوە.”
ماوەیەکی کەم پێش دەستپێکردنی ئەم پێکدادانە، هەردوو وڵات ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان دابەزاندبوو. هەروەها تایلەند باڵیۆزی خۆی لە کەمبۆدیا بانگ کردەوە و هاوکات باڵیۆزی کەمبۆدیای دەرکرد. باڵیۆزخانەی تایلەند لە کەمبۆدیاش داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کرد ئەگەر مانەوەیان لەو وڵاتە پێویست نییە، بە زووترین کات کەمبۆدیا جێ بهێڵن.
کێشە سنوورییەکانی سەر سنووری ٨٠٠ کیلۆمەتریی نێوان ئەم دوو وڵاتەی باشووری ئاسیا بۆ سەردەمی داگیرکاری دەگەڕێتەوە. بەڵام گرژییەکان لە کۆتایی مانگی ئایار دوای ئاڵوگۆڕی تەقە لەنێوان سەربازانی هەردوو وڵاتدا چڕتر بوونەوە، کە بووە هۆی کوژرانی سەربازێکی کەمبۆدیایی.
پێشتریش پێکدادانی سنووری لەگەڵ کەمبۆدیا بووە هۆی گرژیی سیاسی لە حکوومەتی تایلەند و پائوتونگتارن شیناواترا، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، بە شێوەیەکی کاتی لە کارەکەی دوورخرایەوە. ڕۆژی ڕابردوو (٢٣ی تەممووز) ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی تایلەندی بەهۆی تەقینەوەی مین لە ناوچە کێشەلەسەرەکەی نێوان هەردوو وڵات بریندار بوون. تایلەند کەمبۆدیا تۆمەتبار دەکات بەوەی ئەم مینانەی لەم دواییانەدا چاندووە.
هەواڵی داهاتوو

