ڕوانگەی ‘ئیکۆ عێراق’ بۆ کاروباری ئابووری ئاشکرای کرد، لە دانوستانی سەرەتایی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە ڕێککەوتنی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، تورکیا داوا بەرزکردنەوەی کرێی هەناردەی نەوت دەکات کە بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلار و نیوە، ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر بۆ هەر بەرمیلێک یەک دۆلار و نیو بووە.
لەوبارەوە عەلی ناجی، ئەندامی ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، گوتی: “عێراق ڕۆژانە نزیکەی 500 هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەناردە دەکرد.”
گوتیشی: ئەو زانیارییانەی دەست ڕوانگەکە کەوتووە، تورکیا داوای زیادکردنی کرێی هەناردەی نەوت دەکات کە بۆ هەر بەرمیلێک دوو دۆلار و نیوە، دەشڵێت: گفتوگۆکان لە قۆناغی سەرەتایین و نەگەیشتوونەتە ئاستی دانوستان یان داڕشتنەوەی ڕێککەوتنی نوێ
عەلی ناجی ڕوونیشی کردەوە، ئەگەر بۆری کەرکووک-جەیهان بەتەواوی کار بکات، ئەوە توانی هەناردەکردنی یەک ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانەی هەیە.
هێڵی بۆری کەرکوک-جەیهان یەکێکە لە کۆنترین ڕێگاکانی هەناردەکردنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان.
ڕۆژی 21ـی تەممووز، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، دوای 52 ساڵ لە ڕێککەوتنی نەوت کە لە ساڵی 1973 لە نێوان تورکیا و عێراق واژۆی لەسەر کۆتایی هاتنی ڕێککەوتنەکە کرد و تاوەکوو ئێستا نوێی نەکردووەتەوە.

