ڕۆژی شەممە، 02ـی ئابی 2025، سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر، ڕایگەیاند، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری بەرپرسانی وەزارەتی بازرگانیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق؛ کاتی پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییان لە هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی خۆڕایی، تا کۆتایی ئەم مانگە (31ـی ئابی 2025) درێژ کرایەوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هەولێر باسی لەوەش کرد،لە سەرەتای مانگی داهاتوو (ئەیلوول) بەدواوە، هەر هاووڵاتییەک ئەگەر بیەوێت پسوولەکە بکاتە ئەلیکترۆنی، پێویستە بڕێک پارە بدات.
بە گوێرەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق، بڕی پارەکە بۆ هەر مامەڵەیەک 10 هەزار دینارە، بەڵام وەزارەتی بازرگانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای کردووە بکرێتە پێنج هەزار دینار.

