ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیتدپرێس ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند، چین داواکارییەکانی ئەمریکای بۆ ڕاگرتنی کڕینی نەوت لە ڕووسیا و ئێران ڕەت کردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، داواکارییەکە لە میانی کۆبوونەوەیەکی دوو ڕۆژەی هەفتەی ڕابردوودا لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید پێشکەش کراوە. لەو کۆبوونەوەیەدا، شاندێکی ئەمریکایی بە سەرۆکایەتی سکۆت بێسنت، وەزیری گەنجینە، لەگەڵ هاوتا چینییەکانیان لەبارەی ئەو باجە گومرگییە ١٠٠٪ـییەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بەنیازە بیسەپێنێت، گفتوگۆیان کردووە و داوایان لێ کردوون کڕینی نەوت لە ئێران و ڕووسیا ڕابگرن.
لە بەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاندووە ناچارکردن و فشار هیچ ئەنجامێکی نابێت و پەکین “بەرگری لە سەروەری، ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی خۆی بۆ گەشەکردن دەکات.”
ئاسۆشیتدپرێس دەنووسێت، ئامانجی ئەمریکا لە سنووردارکردنی فرۆشی نەوتی ڕووسیا و ئێران، کەمکردنەوەی بودجەی سەربازیی هەردوو وڵاتە، چونکە فرۆشی نەوت سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی مۆسکۆ و تاران پێک دەهێنێت. ڕووسیا ماوەی سێ ساڵ و نیوە لە جەنگی ئۆکرانیادا بەردەوامە و تاران وەک پشتیوانی دارایی گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە و ئەکتەرێکی دژ بە بوونی ئیسرائیل سەیر دەکرێت.
دانی ڕاسڵ، لە پەیمانگای سیاسەتیی کۆمەڵەی ئاسیا، بە ئاسۆشیتدپرێسی گوتووە نەوت سەرچاوەیەکی وزەی ستراتیژیی زۆر گرنگە بۆ چین و پەکین ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری نەوتی ڕووسیا و ئێران بێت.
ڕاپۆرتێکی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤دا خەمڵاندبووی لەنێوان ٨٠٪ بۆ ٩٠٪ی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەگاتە چین، و ئابووریی چین بە وەرگرتنی ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوتی ئێران گەشە دەکات.
شایەنی باسە، دوای ئەوەی لە جەنگی ئەم دواییەدا هەندێک لایەن لە پەرلەمانی ئێران داوای داخستنی گەرووی هورمزیان کرد بۆ سزادانی ڕۆژئاوا، چین دژایەتیی خۆی بۆ داخستنی ئەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگە بۆ گواستنەوەی نەوت ڕاگەیاندبوو.

