سوپای کۆریای باشوور دەستی کرد بە کۆکردنەوەی ئەو بڵندگۆیانەی لە درێژایی سنووری وڵاتەکە لەگەڵ کۆریای باکووردا دانرابوون. ئەم بڵندگۆیانە وەک وەڵامێک بۆ ناردنی سەدان باڵۆنی پڕ لە زبڵ لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ کۆریای باشوور دانرابوون و بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی دژ بە پیۆنگیانگ بەکار دەهێنران.
لی کیونگ هۆ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشوور، ڕایگەیاند کۆکردنەوەی بڵندگۆکان هەنگاوێکی دیکەیە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە نیمچەدوورگەی کۆریا. ناوبراو گوتیشی ئامادەیی سەربازیی کۆریای باشوور بەم هەنگاوە کاریگەر نابێت.
گوتەبێژەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەدا لەبارەی شوێنی هەڵگرتنی بڵندگۆکان یان ئەگەری دانانەوەیان لە کاتی زیادبوونی گرژییەکاندا. هەروەها ڕایگەیاند پێش کۆکردنەوەی بڵندگۆکان، هیچ گفتوگۆیەک لەگەڵ سوپای کۆریای باکووردا نەکراوە.
کۆریای باکوور تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی بەرانبەر ئەم هەنگاوەی کۆریای باشوور نەبووە.
پێشتر وەک هەنگاوێکی ئاشتیخوازانە و بە مەبەستی بنیاتنانەوەی متمانە و گفتوگۆ لەگەڵ پیۆنگیانگ، بڵاوکردنەوەی پەیامەکان لە ڕێگەی بڵندگۆکانەوە لەسەر سنوور ڕاگیرابوو. بەڵام حکوومەتی کۆریای باکوور لەم دواییانەدا هەوڵەکانی کۆریای باشووری بۆ نزیکبوونەوە ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند ئارەزووی گفتوگۆکردنی لەگەڵ دراوسێکەیدا نییە.

