سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئێران لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی زۆر نزیک بووەتەوە و هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، ئەو هەوڵەی “بەیەکجاری وێران کردووە.”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە (١٤ی ئاب) لە لێدوانێکی کورتدا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، کۆماری ئیسلامیی ئێران “تەنیا دوو مانگی مابوو تا دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.”
ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕۆژی ٢١ی حوزەیران، لەمیانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە ڕێگەی بۆمبهاوێژەکانی “بی-٢” و مووشەکەکانی “تۆماهۆک”ـەوە هێرشی کردە سەر سێ دامەزراوەی ئەتۆمیی فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان. ترەمپ لەمبارەیەوە گوتی، هێرشەکە بووە هۆی ئەوەی ئەم دامەزراوانە “بەیەکجاری وێران بن.”
کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە بەدوای دروستکردنی چەکی ئەتۆمییەوە بێت و دوای شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیلیش جەختی کردەوە، ئامادە نییە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت.
دۆناڵد ترەمپ هەفتەی ڕابردووش گوتبووی، ئەمریکا توانای ئەتۆمیی ئێرانی لەناوبردووە و هەڕەشەی کرد: “ئەوان دەتوانن دووبارە دەست پێ بکەنەوە، بەڵام ئەگەر ئەو کارە بکەن، ئێمە خێراتر لەوەی دەستت بوەشێنیت، لەناوی دەبەین.”

