سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا دەکات و ستایشی دۆناڵد ترەمپ دەکات لە سەرخستنی ڕێککەوتنەکە.
شەممە 9ـی ئابی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە(ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا، پێشوازیی لە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە کۆشکی سپی دەکات، هاوکات ستیاشی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا دەکات بۆ نێوەندگیری سەرکەوتووانەی ئەو ڕێککەوتنە مێژووییە.
ڕۆژی هەینی، 08ـی ئابی 2025، ئەرمینیا و ئازەربایجان بە نێوەندگیریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی، ‘ڕێککەوتنی ئاشتی’یان واژۆ کرد بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی چەندان دەیەی نێوانیان.
دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی “ئەرمینیا و ئازەربایجان پابەندن کە بۆ تاهەتایە هەموو جەنگ بوەستێنن، دەست بە پەیوەندیی بازرگانی، گەشتیاری و دیپلۆماسی بکەن و ڕێز لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی یەکدی بگرن.” باسی لەوەش کرد، گەمارۆی چەکی ئەمەریکی لەسەر ئازەربایجان هەڵدەوەشێنێتەوە کە دوای وەرگرتنی سەربەخۆیی لە ساڵی 1992ـەوە بەسەریدا سەپێندرابوو.


