ئەمڕۆ چوارشەممە، 13ـ8-2025، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا ئیدانەی دەستوەردانەکانی ئەمەریکای کرد لە پەیوەندییە دووقۆڵیەکانی نێوان بەغدا و تاران.
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، “لە ڕاگەیەندراوی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ دژایەتیکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و عێراق بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی هەردوو وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات.”
باڵیۆزخانەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم لێدوانانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەو بەرنامە ناسەقامگیرییەی ئەمریکا بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە گرتوویەتەبەر، هەروەها نیشانەی هەوڵە بەردەوامەکانی بڕیاردەرانە لەم وڵاتەدا بۆ چاندنی ناتەبایی لەنێوان گەلانی هەردوولا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم جۆرە دەستوەردانە، پێشێلکردنی بنەماکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، کە لەسەر بنەمای ‘هاوکاری نێوان وڵاتەکان’ دامەزراوە”.
ئێوارەی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە ئەمنیەی لە نێوان عێراق و ئێران واژۆ کرا ڕەتکردەوە، ڕاشیگەیاند، دژایەتی هەر یاسایەک دەکەن کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئامانجەکانی ئەمەریکا یان دژایەتی بەهێزکردنی دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێستای عێراق بێت.
تامی بروس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “دژی هەر یاسایەک دەوەستینەوە کە لەگەڵ ئامانجەکانی هاوکاریی و هاوبەشی ئەمنی دوولایەنەمان ناکۆکە، هەروەها پێچەوانەی هەوڵەکانی بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێستای عێراقە.”
تامی بروس جەختی کردەوە: “ئێمە پشتیوانی لە سەروەری ڕاستەقینەی عێراق دەکەین، نەک یاسایەک کە عێراق بکاتە وڵاتێکی ژێردەستەی ئێران.”
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمەریکا بۆی ڕوون بووەتەوە کە داهاتووی گەلان دەبێت لە دەستی خۆیاندا بێت و ئێمە لێرەدا پابەندبوونمان دووپات دەکەینەوە، وەک ڕوونمان کردووەتەوە، کە ئەم ڕێگایە تایبەتە پێچەوانەی ئەوەیە کە ئێمە دەخوازین.”
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕۆژی دووشەممە سەرپەرشتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئەمنی لە نێوان قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و عەلی لاریجانی سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کرد.

