وەزارەتی تەندروستی كوێت ئاشكرای دەكات، بەهۆی خواردنەوەی كحوولی ساختەوە 13 كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیانی دیكەش بەپەلە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان، سەرجەم ئەو كەسانەشی تووشی حاڵەتە نەخوازراوەكان بوون كرێكاری بیانی و خەڵكی وڵاتانی كیشوەری ئاسیا بوونە.
وەزارەتی تەندروستی كوێت لە روونكردنەوەیەكدا دەڵێت: لە رۆژی شەممەی رابردووەوە 63 حاڵەتی ژەهراویبوون بە خواردنەوەی كحوولی ساختە گەیەنراونەتە نەنخۆشخانەكان.
دەشڵێت: سەرجەم حاڵەتە ژەهراویبوونەكان بەهۆی خواردنەوەی كحوولی ساختە و تێكەڵكراو بە ماددەی میتانۆڵ دروستبوونە.
هەروەها دەڵێت: بەداخەوە بەهۆی خواردنەوە كحوولە ساختەكان تا ئێستا 13 كەس گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستی كوێت ئاماژە بەوەش دەكات: بەشێك لە حاڵەتەكانی دیكە پێویستیان بە هەناسەدانی دەستكرد و شوشتنی گەدە و گورچیلە و لەدەستدانی بینایی بوونە.

