zagros news agency

هیومان ڕایتس وۆچ: هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین ‘تاوانێکی ئاشکرای جەنگ’ بوو

 

ڕێکخراوی چاودێریی مافەکانی مرۆڤ (هیومان ڕایتس وۆچ) ١٤ی ئابی ٢٠٢٤ ، ڕایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر بەشێک لە زیندانی ئێڤین لە تاران، کە لە میانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلدا ئەنجامدرا، “تاوانێکی ئاشکرای جەنگ” بووە.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکە “هیچ ئامانجێکی سەربازیی دیاری نەبووە” و تێیدا دەیان هاووڵاتیی سڤیل، لەنێویاندا زیندانیان، کەسوکاریان و کارمەندانی زیندانەکە کوژران و بریندار بوون. هێرشەکە زیانی بە بەندەکانی ٤، ٨، ٢٠٩، ٢٤٠، ٢-ئەلف و بەندی ژنان گەیاندووە.
مایکڵ پەیج، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هیومان ڕایتس وۆچ، گوتی: “هێرشەکەی ئیسرائیل ژیانی پڕ لە مەترسیی زیندانییانی ئێڤینی خستە مەترسییەکی جددیترەوە،” و جەختی لەوە کردەوە زۆرێک لەو زیندانییانە “چالاکوان و نەیارانی سیاسیین کە بە ناهەق زیندانی کراون.”
هەروەها ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا هۆشداریی داوە لەبارەی توندوتیژیی بەرپرسانی ئێرانی بەرانبەر بە زیندانییەکان دوای هێرشەکە و ڕایگەیاندووە، چارەنووسی بەشێک لە زیندانییانی سزادراو بە لەسێدارەدان نادیارە و مەترسیی ئەشکەنجەدان یان لەسێدارەدانیان لەسەرە.
هیومان ڕایتس وۆچ ئاشکرای کردووە هەردوو حکوومەتی ئێران و ئیسرائیل وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی زانیاری نەداوەتەوە. پێشتریش ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) هێرشەکەی بە “تاوانێکی جەنگ” ناوبردبوو.

هەواڵی پەیوەندیدار

مەسرور بارزانی : کاک کەریم شنگالی لە هەموو قۆناخەکانی خەباتی گەلی کوردستاندا، پێشمەرگەیەکی ماندوونەناسی ئازا و تێکۆشەرێکی ناسراو و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر بوو

یاسین

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە نوێنەری هەمیشەیی عێراق لە ڕێکخراوی یونێسکۆ دەکات

سەڵاح

به‌ وێنه‌… هێلکاریکردنی شەقامی سەرەکی باسرمە – سپیلک

سەڵاح