ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی ئابی ٢٠٢٥، لە وتارێکدا لە شاری بدلیس لە باکووری کوردستان ڕایگەیاند، مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستهاتوون کاتێک تورک و کورد و عەرەب پێکەوە بەرەو ئامانجە هاوبەشەکانیان هەنگاویان ناوە.
ئەردۆغان گوتیشی، لە هەنگاونان بەرەو تورکیایەکی بێ تیرۆر بەردەوامن و ئەمەش نەیارانیانی نیگەران کردووە. ناوبراو جەختی کردەوە گەیشتوونەتە ڕێگایەکی ڕاست لە پڕۆسەی ئاشتیدا و بە کەمێک ئارامگرتن و هەوڵی زیاتر، بە ئامانجی کۆتایی دەگەن.
ئەردۆغان هەروەها گوتی: “مێژوو پڕە لە نموونەی ئەو سەرکەوتنانەی بەدەستمان هێناوە کاتێک تورک و کورد و عەرەب پێکەوە وەستاون و بەرەو ئامانجە هاوبەشەکانیان هەنگاویان ناوە. ئێمە یەکگرتوویی خۆمان دەپارێزین و بەرەی ناوخۆیی و برایەتیمان بەهێزتر دەکەین. شانبەشان بەرپەرچی هەموو ئەو هێرشانە دەدەینەوە کە یەکێتی و یەکگرتووییمان دەکەنە ئامانج. بەیەکەوە تورکیایەکی گەشاوە بنیات دەنێین کە ئاشتی تێیدا باڵادەست بێت. گەیشتووینەتە قۆناغی کۆتایی و ڕێگایەکی ڕاست. بە کەمێک ئارامگرتن و هەوڵ و کۆششی زیاتر، ڕێگاکە دەبڕین و بە ئاسانی دەگەینە ئامانجەکەمان لە پڕۆسەکەدا.”

