بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، مووشەکێکی بالیستیکیان تێکشکاندووە کە لە یەمەنەوە بە ئامانجی پێکانی ناوەڕاستی ئیسرائیل ئاڕاستە کرابوو، پێش ئەوەی بگاتە ئاسمانی ئیسرائیل.
کەناڵی “کان”ی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، ئیسرائیل بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکە سوودی لە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی “حێتز” و سیستەمی “تاد”ی ئەمریکایی وەرگرتووە. بە گوتەی پەیامنێری سەربازیی کەناڵەکە، مووشەکەکە لە جۆری بالیستیکی ئاسایی بووە و ئامانجی گەیشتن بە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن بووە.
نیگەرانییەکان لە ئیسرائیل سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکانی حوسییەکان زیاتر بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی شەوی هەینیی ڕابردوو سیستەمی “حێتز” نەیتوانی مووشەکێکی دیکەی حوسییەکان تێکبشکێنێت، کە دواتر دەرکەوت کڵاوەی هێشوویی هەڵگرتبوو.
شارەزایانی سەربازیی ئیسرائیلی دەڵێن، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم مووشەکانەی داوەتە حوسییەکان یان فێری دروستکردنی کردوون. هەندێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم هێرشە بەردەوامانە لەوانەیە تاکتیکێکی هاوبەشی ئێران و حوسییەکان بێت بۆ “بەتاڵکردنەوەی مووشەکەکانی سیستەمە بەرگرییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا”.

