سوپای لوبنان بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەت بۆ کۆکردنەوەی چەک لە کەمپی پەنابەرە فەڵەستینییەکان. سەرچاوە لوبنانییەکان ڕۆژی پێنجشەممە بە “ئەلعەرەبیە”یان گوت، ئەمە گەورەترین ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەی چەکە لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆی لوبنانەوە.
بە گوتەی سەرچاوەکان، ئۆپەراسیۆنەکە کەمپە فەڵەستینییەکانی باشوور و باکووری ڕووباری “لیتانی” دەگرێتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ “دەسەڵاتی فەڵەستینی” ئەنجام دراوە. سوپای لوبنان حەوت بارهەڵگر چەکی قورسی لە “کەمپی ئەلڕەشیدییە” لە باشووری وڵات وەرگرتووە.
پڕۆسەی ڕادەستکردنەوەی چەک لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان، و مەحموود عەباس، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستینییە، کە تێیدا جەخت لەسەر سەروەریی دەوڵەتی لوبنان بەسەر تەواوی خاکی وڵاتدا و جێبەجێکردنی بنەمای مۆنۆپۆڵکردنی چەک کرابووەوە.
بەرنامەی ڕادەستکردنەوەی چەکی کەمپە فەڵەستینییەکان لە سێ قۆناغدا ئەنجام دەدرێت. قۆناغی یەکەم لە کەمپی بورج لە بەیرووت دەستی پێکرد، پاشان کەمپی ئەلبەس لە ناوچەی سوور، کەمپی ئەلبەداوی لە باکوور، و کەمپی ئەلڕەشیدییە لە باشوور دەگرێتەوە.

