zagros news agency

ئەمریکا سزا بەسەر بازرگانێکی عێراقیدا دەسەپێنێت بەهۆی قاچاخچێتیی نەوتی ئێرانەوە

 

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە 2/9/2025 سزای نوێی ڕاگەیاند بۆ سەر بازرگانێکی عێراقی کە تۆمەتبارە بە قاچاخچێتیکردن بە نەوتی ئێران بە ناوی نەوتی عێراقییەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سزاکان تۆڕێک لە کۆمپانیا و کەشتی دەگرێتەوە کە لەلایەن وەلید سامەڕائییەوە بەڕێوە دەبرێن، کە هەڵگری هەردوو ڕەگەزنامەی عێراقی و سەینت کیتس و نیڤیسە. واشنتۆن تۆمەتباری کردووە بە گواستنەوەی نەوتی ئێران لە ڕێگەی عێراقەوە و فرۆشتنی وەک ئەوەی نەوتی عێراقی بێت.

تۆماس پیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە دا کە “مەبەست لەم کارە ڕێگریکردنە لە گەیشتنی پارە بە ڕژێمی ئێران، کە بۆ دروستکردنی نائارامی لە عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و شوێنەکانی تریشدا بەکاری دەهێنێت.”

سزاکان بەپێی فەرمانی جێبەجێکاریی ژمارە ١٣٩٠٢ سەپێنراون، کە ڕێگە بە واشنتۆن دەدات ئەو کەسانە بکاتە ئامانج کە تێوەگلاون لە کەرتەکانی نەوت و پترۆکیمیایی ئێراندا. وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی “هەموو ئامرازە بەردەستەکان” بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی یارمەتی ئێران دەدەن لە خۆدزینەوە لە سنووردارکردنەکان.

هەنگاوەکە بەشێکە لە هەڵمەتی “زۆرترین گوشار”ی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، کە ئامانج لێی ئەوەیە تاران نەتوانێت لە ڕێگەی هەناردەکردنی نەوتەوە داهاتی دەستبکەوێت، چونکە واشنتۆن دەڵێت ئێران ئەم داهاتە بەکاردێنێت بۆ پشتیوانیکردنی گرووپە چەکدارەکان و چالاکییە تێکدەرەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان بەرزبوەوە

سەڵاح

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی هیندستان دەکات

یاسین

کەشناسی: پلەکانی گەرما بە 1 تـــا 3 پلە بەرزتر دەبێت

سەڵاح