دەزگای ئاسایشی کۆریای باشوور ڕایگەیاند، بەپێی خەمڵاندنەکانیان، نزیکەی دوو هەزار سەربازی کۆریای باکوور لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا کوژراون. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا، ژمارەی سەربازە کوژراوەکانی کۆریای باکوور بە ٦٠٠ کەس خەمڵێندرابوو.
کۆریای باکوور لە ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ١٠ هەزار سەربازی ڕەوانەی ڕووسیا کردووە، کە زۆربەیان لە ناوچەی سنووریی کورسک دژی ئۆکرانیا شەڕ دەکەن. بەپێی زانیارییە بەدەستهاتووەکان، پیۆنگیانگ بەنیازە شەش هەزار سەربازی دیکەش بۆ ڕووسیا بنێرێت.
کۆریای باکوور بە گرنگترین پشتیوانی ڕووسیا لە شەڕی دژی ئۆکرانیا دادەنرێت. ساڵی ڕابردوو، هەردوو وڵات پەیماننامەیەکی بەرگرییان واژۆ کرد، کە بڕگەیەکی تایبەت بە بەرگریی هاوبەشی لەخۆگرتووە.

