تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لەبارەی هەڕەشەکانی بەرپرسانی تورکیاوە بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان ڕایگەیاند، کێشەکانی سووریا بە هەڕەشەی سەربازی چارەسەر ناکرێن، بەڵکو پێویستە لە ڕێگەی دیالۆگەوە و لەسەر بنەمای ماف و یاسا هەوڵی چارەسەرکردنیان بدرێت.
باکرهان گوتی: “تورکیا داوای پابەندبوون بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار دەکات، بەڵام حکوومەتی ئێستای سووریا چەندین هەنگاوی ناوە کە دژی ڕێککەوتنەکەیە، وەک ناونانی وڵات بە کۆماری عەرەبیی سووریا و ئامادەکردنی دەستوورێکی ڕاگوزەر بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ کورد.”
هەروەها گوتیشی: “کورد لە هەموو جومگەکانی دەسەڵات بێبەش کراوە و ئەوە سیاسەتەکانی دیمەشقە ڕێککەوتنی ١٠ی ئادار پشتگوێ دەخات، نەک هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).”
هاوسەرۆکی دەم پارتی پرسیاری ئەوەشی کرد: “ئەگەر دەسەڵاتی تورکیا لە خەمی ئەم پرسەدایە، بۆچی هیچ دیدارێکی فەرمی لەگەڵ شاندی ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجام نادات؟”
لە کۆتاییدا دووپاتی کردەوە، پەنابردن بۆ بژاردەی هێرشی سەربازی، پرۆسەی ئاشتی، کە نزیکەی ساڵێکە بە هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرەوە بەردەوامە، تووشی چەقبەستنێکی گەورە دەکات و دەیخاتە مەترسییەوە.
هەواڵی داهاتوو

