قەتەر بە توندی ئیدانەی لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی کرد، سەبارەت بە پێویستیی دەرکردنی سەرکردەکانی گرووپی ئیسلامیی حەماس لەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە بەیاننامەیەکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوی کردەوە، لێدوانەکانی ناتانیاهۆی بە «بێباکانە» ناو برد و گوتی «هەڕەشە ئاشکراکان بۆ پێشێلکردنی سەروەریی نیشتمانیی وڵاتان جێی قبووڵ نییە.»
پێشتر ناتانیاهۆ بەپێی نووسینگەکەی هۆشداریی دابوو و گوتبووی: «بە قەتەر و هەموو ئەو وڵاتانەی پەنای تیرۆریستان دەدەن دەڵێم، یان دەریان بکەن یان سزایان بدەن، چونکە ئەگەر ئێوە ئەو کارە نەکەن، ئێمە دەیکەین.»
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر ئەم لێدوانانەی بە «هەوڵێکی شەرمەزارکەرانە» بۆ پاساودانی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل لە دۆحەی پایتەختی قەتەر وەسف کرد.
نووسینگەی سیاسیی حەماس ساڵانێکە لە دۆحە چالاکیی هەیە و قەتەر لە قەیرانەکانی غەززەدا چەندین جار ڕۆڵی نێوەندگیری لەنێوان ئەم گرووپە و ئیسرائیلدا گێڕاوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیوەندییەکانی نێوان دۆحە و تەلئەبیب هەمیشە پڕ لە گرژی بووە.

