zagros news agency

نرخی دۆلار لە ئێران ڕیکۆردی شکاند و سنووری ١٠٨ هەزار تمەنی تێپەڕاند

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ناوخۆی ئێران، ڕۆژی پێنجشەممە، ٣ی ڕەزبەر، نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە و گەیشتە سنووری ١٠٨ هەزار تمەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، نرخی دۆلاری ئەمریکایی لە بازاڕدا گەیشتووەتە ١٠٧ هەزار و ٨٥٠ تمەن، کە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو، ٤٥٠ تمەن (نزیکەی ٠.٤٢٪) بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە. دوێنێ چوارشەممە، ٢ی ڕەزبەر، هەر دۆلارێکی ئەمریکایی بە ١٠٧ هەزار و ٤٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەکراوە.
بە گوتەی بەشێک لە شارەزایانی ئابووری، ئەم بەرزبوونەوە خێرایەی نرخی زێڕ و دراو لە ئێران، کاردانەوەی بازاڕە بەرانبەر بە گوتەکانی ئەم دواییەی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، دژ بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا.
خامنەیی ڕۆژی سێشەممە، ١ی ڕەزبەر، ڕایگەیاندبوو “لە دۆخی ئێستادا دانوستان لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا هیچ سوودێکی نییە و هیچ زیانێک لە ئێران دوور ناخاتەوە.”
گوتەکانی عەلی خامنەیی لە کاتێکدایە کە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە ڕێگەی دیداری چڕوپڕەوە هەوڵ دەدات ڕێگری لە کاراکردنەوەی میکانیزمی پەلەپیتکە (snapback mechanism) بکات. میکانیزمی پەلەپیتکە ڕێگە بە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش دەدات کە لە ئەگەری پابەندنەبوونی ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، گەمارۆکانی پێشووی نەتەوە یەکگرتووەکان بەبێ دەنگدان، بە شێوەیەکی خۆکار دووبارە بسەپێننەوە.
شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ١٠٤ هەزار تمەنەوە بۆ ١٠٨ هەزار تمەن، ڕیکۆردێکی مێژوویی شکاندووە و نرخی دراو لە بازاڕی ئێراندا چووەتە قۆناغێکی نوێی بەرزبوونەوە.
هەندێک لە شارەزایان هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیەیان بۆ چەندین فاکتەر گەڕاندووەتەوە، لەوانە چاوەڕوانییەکانی هەڵاوسان و فشاری خواست، هۆکارە دەرەکی و ژئۆپۆلەتیکییەکان، و هەروەها سنوورداربوونی دابینکردنی دراو و کۆنترۆڵی نەختینەیی.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە

سەڵاح

خولی ئیسپانیا.. بەرشەلۆنە لەنێو سانتیاگۆ گۆڵبارانی ریالی کرد

یاسین

کۆمپانیای Google هۆشداری بلاو دەکاتەوە بۆ بەکارهینەرانی Gmail

یاسین