zagros news agency

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی پیرۆزبایی له‌ ده‌نگی كوردستان كرد

 

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی (٦٢)ەمین ساڵیادی دامەزراندنیان په‌یامێكی پیرۆزبایی بۆ ئێزگەی دەنگی کوردستان نارد.

ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه‌:

هەڤاڵی بەڕێز/ عەبدولڕەزاق عەلی بەڕێوەبەری ئێزگەی دەنگی کوردستان

بەڕێزان/ هەڤاڵانی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و کادیر و کارمەندان و هونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان..

 

بەر لە (٦٢)ساڵ ئێزگەی دەنگی کوردستان، بە بڕیاری(بارزانیی نەمر) دامەرزرا، ئەو هەنگاو و دەستکەوتە گرنگە تەکانێکی بەرچاوی بە بواری میدیایی و رۆشنبیریی دا و،  وەک بڵندگۆیەکی ڕاستەقینەی بەرجەستەکردنی ئامانجەکانمان تا ئەمڕۆش بەردەوامە لە بەخشش و چالاکییەکانی.

 

ئێزگەی دەنگی کوردستان، هەر لە یەکەم رۆژی پەخش و دەستپێکەوە و لە کاروانی تەمەنی کارکردنیدا شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان و ڕۆڵەکانی گەلەکەمان ڕۆڵی بوێرانە و کاریگەرانەی خۆی بینیوە بۆ وشیارکردنەوە و جۆشدانی جەماوەر بۆ بەرگریکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و رووبەڕوبونەوەی ستەم و زۆرداریی.

 

ئەمڕۆش وەکو ئێزگەیەکی سەنگین و دێرین، دەنگی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا جێدەستی دیارە و وەک کەناڵێکی میدیای پێشەنگ نەسرەوتووە، دیارە ئەمەش بۆ پلان و بەرنامەی رێکوپێکی ستاف و کادیرانی ماندوونەناسی ئێزگەکە دەگەڕێتەوە، لەلایەکی دیکەوە ئەو ئێزگەیە بە خاوەن گەنجینەیەکی بێوێنەی مێژووی ئەرشیفکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان دادەنرێ، بۆیە ئەو دەنگە زوڵاڵە مایەی شانازیی و دەستخۆشییە.

 

لەو دەرفەتەدا وێڕای گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی هێژا و بیسەرانتان، دووبارە پشتیوانیی خۆمان بۆ ئێزگەکەتان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داهاتووتان زیاتر بە پلانی ڕێکوپێک بەرەو پێش بچن و خزمەت بە دۆزە ڕەواکەمان و کولتوور و فەرهەنگی هەمەڕەنگی کوردستان بکەن.

 

مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار

لە دهۆك 43 ملیار دیناری پارەی گەنم دابەش كرا

سەڵاح

دەرهاویشتەكانی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاری لەسەر كۆمەڵگە

دڵشاد

نرخی هەر ئۆنسەیەک لە زێڕ 182 دۆلار دابەزیوە

سەڵاح