ئەمڕۆ چوارشەممە بەرپرسانی ئەمنیی ویلایەتی جاوا لە ئەندۆنیسیا، گیانلەدەستدانی سێ کەس و برینداربوونی 100 کەس و بزربوونی زیاتر لە 90 کەسی دیکەیان لەژێر داروپەردوودا راگەیاند، ئەویش لە ئەنجامی داڕووخانی تەواوی تەلاری قوتابخانەیەکی خوێندنی ئیسلامی لە ویلایەتی ناوبراو.
ئەو سەرچاوەیە روونیشی کردەوە، زۆربەی هەرە زۆری قوربانییانی ئەو رووداوە قوتابیی قوتابخانەکەن و تەمەنیان لە دەوروبەری هەرزەکاری تا گەنجیدایە، رووداوەکەش کاتێک بووە کە قوتابیانی قوتابخانە ئیسلامییەکە لە گەرمەی نوێژی بەکۆمەڵدا بوون و لەناکاو هۆڵی گەورەی نوێژ و تەواوی قوتابخانەکە بەسەریاندا رووخاوە.
بەرپرسانی ئەمنیی ئەندۆنیسیا رایانگەیاندووە کە تاوەکوو ئێستا تیمەکانی فریاگوزاری کە زیاتر لە 300 کەس تیایدا بەشدارن، سەرقاڵی بەهاناوەچوونی ئەو کەسانەن کە هێشتا لەژێر داوپەردووی قوتابخانە رووخاوەکەدان و گیریان خواردووە.
ئاماژە بەوەش دەکەن، کە رەنگە هەم لەنێو بریندارن و هەم لەنێو گیرخواردوانی ژێر پەردوودا، ژمارەی گیانلدەستچوان زیاتر بێت.
لەبارەی هۆكاری ڕووداوەكەوە، ئاشكرا كراوە، كە داڕمانەكە بەهۆی بوومەلەرزەیەكەوە بووە كە هێزە كەی ٦ پلەیە بە پێوەری رێختەر.

