هاوکات لەگەڵ گەڕانەوەی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ سەر ئێران، بەهای دراوەکان و زێڕ لە بازاڕەکانی ئەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و نرخی هەر دۆلارێکی ئەمریکایی ١١٥ هەزار تمەنی تێپەڕاند. لەم دۆخەدا، مەسعوود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت کە حکوومەتەکەی بۆ دابینکردنی بڕی یەک ملیار دۆلار تووشی کێشە بووە.
ڕۆژنامەی “کەیهان”، نزیک لە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا بانگەشەی ئەوەی کردووە نرخی دۆلار لە ئێران لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەفغانستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و عێراقەوە دیاری دەکرێت و پچڕانی ئینتەرنێت لە ئەفغانستان بە هەوڵێک بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دراو لە ئێران ناو دەبات.
هەرچەندە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاندبوو بۆ کەمکردنەوەی گوشارەکان بڕی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە، بەڵام ئەم هەنگاوە نەیتوانی ڕێگری لە هەڵکشانی نرخەکان بکات. لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی هەواڵی فارس داوای کردووە ملیۆنان دۆلار بخرێتە بازاڕی ئازادەوە تا خواست لەسەر دۆلار کەم ببێتەوە.
پسپۆڕانی ئابووریی ئێرانی پێشبینی دەکەن ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، نرخی دۆلار دەگاتە ١٦٥ هەزار تمەن و ڕێژەی هەڵاوسانیش بۆ ٩٠٪ بەرز دەبێتەوە.
نرخەکان لە بازاڕدا
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ نرخی یەک دۆلاری ئەمریکایی بە ١١٥ هەزار و ١٠٠ تمەن مامەڵەی پێوە کراوە، کە بەراورد بە دوێنێ ١٪ بەرز بووەتەوە. هەروەها، پاوەندی بریتانیایی بە ١٥٤ هەزار و ٨٣٠ تمەن و یۆرۆ بە ١٣٥ هەزار و ٢٢٠ تمەن فرۆشراون.
هەڵاوسان بازاڕی زێڕیشی گرتووەتەوە و نرخی یەک لیرەی ئیمامی بە ١١٤ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار تمەن مامەڵەی پێوە کراوە، کە ئەمەش بەراورد بە دوێنێ ١.١٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

