گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ڕایگەیاند، ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بەنزینخانەکەی هەولێر هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و بەزووی ئاگرەکەمان کۆنترۆڵ کرد.
شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر ئەمڕۆ شەممە، 4-10-2025، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: ڕووداوێکی ئاگر کەوتنەوە لە بەنزینخانەیەکی شاری هەولێر ڕوویدا، سوپاس بۆ خوا زیانی گیانی نەبووە، گوتیشی: توانیمان بە بەشداریی 11 تیمی بەرگریی شارستانی بە 35 خولەک ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەینم بەوهۆیەشەوە دوو کارمەندمان بە سووکی بریندار بوونە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر گوتیشی: لەو بەنزیخانەیەدا سووتەمەنی ‘بەنزین، گاز و غازی LPG و مۆلیدەی تێدابووە، کە هۆی سەرەکی ڕووداوەکە لە ئەنجامی شێوازی بەتاڵکردنی بەنزینەکە بووە، دەشڵێت: دوای لێکۆڵینەوەکان زیاتر ڕوونکردنەوە دەدەین، بەڵام گومانی سەداسەدمان هەیە لەکاتی بەتاڵکردنی بەنزین ڕووداوەکە ڕوویدابێت، چونکە سووتەمەنیەکە نزیک بووە لە مۆلیدە و غازی LPG یەکە، ڕەنگە ئاگر دروست بووبێت.
ڕاشیگەیاند، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانی ماددی هەبوە کە چەند ئۆتۆمبێلێک سووتاوە، هەورەها ڕێنماییەکانمان بۆ ئەو شوێنانە ڕوونە، بۆیە بەداخەوە دوای ئەوە چەند جارێک ئەو شوێنەمان ئاگادار کردووەتەوە بەڵام پابەندی مەرج و ڕێنماییەکان نەبووە و ئەو ڕووداوەی لێکەوتەوە.
گوتیشی: ئەمساڵ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە بەراوورد بە ساڵی پار لە 40% کەمی کردووە، هەروەها سووتانی بەنزینخانەکانیش ساڵی پار 16 حاڵەتمان هەبووە، ئەمساڵیش بەو ڕووداوەوە چوار حاڵەتی سووتانمان هەبووە، لەبارەی ڕووداوەکەی ئەمڕۆش ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر بەو بەنزینخانەیە هەم بە پێبژاردن هەم بەداخستن دەکرێت.
جەختیشی کردەوە، مەرج و ڕێنمایی ئێمە بۆ ئەوشوێنانە بەستانداردی جیهانییە و دیارییکراوە، دەبێت بەنزینخانەکان بەلایەنی کەمەوە 150 بۆ 500 مەتر لە ماڵان دووربێت، بۆیە ئەولایەنەی مۆڵەتیان پێداوە لەو ڕووەوە بەرپرسیارن

