zagros news agency

هەولێر.. سبەی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی دەست پێدەكات و مەسرور بارزانی یەكەم دار لە پڕۆژەكەدا دەچێنێت

 

بڕیارە سبەی پێنجشەممە 30/10/2025، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەست پێبکات و مەسرور بارزانی یەکەم دار بچێنێت.

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە دەستپێشخەرییە ژینگەپارێزییە گەورەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە بۆ داپۆشینی چواردەوری هەولێری پایتەخت بە بەربەستێکی زیندووی دار و سەوزایی و ژینگە داڕێژراوە.

پڕۆژەکە ڕووبەرێکی فراوان دەگرێتەوە کە درێژییەکەی 82 کیلۆمەتر و پانییەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، ئامانجی کەمکردنەوەی بەبیابانبوونی دەشتایی و پاكبوونەوە و باشترکردنی کوالێتیی هەوا و زیادکردنی کەشی سروشتیی هەولێرە.

بە گوتەی بەرپرسانی پڕۆژەکە، لە ئێستاوە کار لەسەر بەشی یەکەم دەستی پێکردووە کە چوار هەزار و 300 دۆنم لەخۆ دەگرێت، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا، سێ ملیۆن داری زەیتوون دەچێندرێن.

ئێستا تیمەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی ئامادەکردن بۆ چاندنی دار و درەخت، ئەمەش پێشەوەچوونێکی گەورەیە لە گەشەپێدانی پشتێنەی سەوزایی.

بڕیارە سبەی سەرۆکی حکوومەت ئەم پڕۆژە گەورەیە بکاتەوە و یەکەم داری ئەم پڕۆژەیە بچێنێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەدا سێ هەزار دار هەر سبەینێ دەچێندرێن.

شەو و ڕۆژ كارەكان بە بەشداریی دەستی کاری ناوخۆیی بەردەوامن، ئەمەش زیادکردنی هەلی کارە و بە سەدان خەڵک لەم پڕۆژەیەدا دەست بەکار دەبن، پڕۆژەکە لەژێر چاودێریی شارەزایانی ژینگەی ناوخۆیی و جیهانیدا جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش دڵنیایی لە پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و بەکارهێنانی شێوازە زیرەکەکانی ئاودێری دەدات.

ئامادەکردنی زەویی بەشی یەکەم بە سەرکەوتوویی تەواو بووە، چاندن بە دار زەیتوونەکانی یۆنانی دەست پێدەکات، ئەم دارانە بەهۆی خۆڕاگری و بەهای ئابووری و بەشداریکردنیان لە هاوسەنگیی ئیکۆلۆژیدا هەڵبژێردراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمریکا بڕیارەکەی ئێران بۆ ڕاگرتنی هاوکاریی لەگەڵ ئاژانسی ئەتۆمی بە “قبووڵنەکراو” وەسف دەکات

سەڵاح

مانگرتنی خاوەنی بارهەڵگران لە ئێران بەردەوامە

یاسین

سۆران… 11 كەس لە ڕووبار و حەوزی ئاو خنكاون

دڵشاد