ئەمڕۆ شەممە، کەناڵی ‘ئەی بی سی نیوز’ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەمەریکا 200 سەرباز بۆ سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە ڕەوانەی ئیسرائیل دەکات.
کەناڵەکە لە زاری بەرپرسانی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە، ئەم هێزانە ناوەندێکی هەماهەنگی دادەمەزرێنن بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست، هەروەها هیچ هێزێکی ئەمەریکی ناچێتە ناوغەززە.
بە گوتەی بەرپرسێکی ئەمەریکی، ئەو 200 سەربازەی کە بڕیارە ڕەوانەی ئیسرائیل بکرێن ، تایبەتمەند دەبن لە بواری گواستنەوە، پلاندانان، لۆجستی، ئاسایش و ئەندازیاریی و شانبەشانی نوێنەرانی وڵاتانی هاوبەشی دیکە و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان کاردەکەن.
بەپێی تۆڕەکە، ناوەندی هەماهەنگی، هەنگاوی یەکەمە بۆ یارمەتیدانی جێبەجێکردنی پرۆسەی ئاشتی، کە پێویستی بە هەماهەنگی چڕ و پڕی هاوکاریی مرۆیی و لۆجستی و ئەمنی دەبێت.
ئەو هێزانەی بۆ دامەزراندنی ناوەندی فەرماندەیی سەربازی ڕەوانەی ئیسرائیل دەکرێن لە کۆتایی هەفتە، وردە وردە لە ڕێگەی ئاسمانییەوە لەئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەگەنە ئەو وڵاتە.
بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایانگەیاند، براد کوپەر کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات، وەک سەرۆکی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی گەیشتە ئیسرائیل.
لای خۆیەوە ئەکسیۆس لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلەوە ڕایگەیاندووە، هێزە سەربازیەکی ئەمەریکا ئەرکیان چاودێریکردنی ئاگربەستی غەززە دەبێت و لە بنکەی ئاسمانی هاتزۆر لە نزیک شاری ئەشدۆدی ئیسرائیل جێگیر دەبێت.

