کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی كە کۆکردنەوە یان کڕینی کارتی دەنگدان لەلایەن هەر لایەنێک یان کەسێکەوە، تاوانێکی هەڵبژاردنە و سەرپێچیکاران دوور دەخرێنەوە و دەنێردرێنە دادگا. بەپێی چەند سەرچاوەیەكی میدیای عێراقیش، بە دەیان كەس كە هەزاران كارتیان بەدەستەوە بووە دەستگیر كراون.
نیبراس ئەبوو سودە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە لێدوانێكیدا بۆ میدیا عێراقییەكان، ئاماژەی بەوە داوە كە کۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە جددییەتێکی زۆرەوە شوێنی ئەو هەواڵانە دەکەوێت کە باس لە کۆکردنەوە، یان کڕینی کارتی دەنگدان دەکەن لەلایەن هەندێک قەوارە یان بەربژێرەكانەوە.
دەشڵێت: “ئەگەر بە بەڵگەی بەهێز ئەوە بسەلمێندرێت، ئەوە تاوانێکی هەڵبژاردنی مەترسیدارە و ئامانجیان دروستكردنی کاریگەرییە لەسەر ویستی دەنگدەران و زیانێکی ڕاستەوخۆ بە پڕۆسەی هەڵبژاردن دەگەیەنێت، بۆیە کۆمسیۆن بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت نەرمی لەگەڵدا بنوێنێ، یان پشتگوێی بخات».
نیبراس ئەبوو سودە، دەشڵێت “لە حاڵەتی سەلماندنی ئەم سەرپێچییانە، کۆمسیۆن ڕێوشوێنی توندوتۆڵ دەگرێتە بەر کە بریتین لە:دەرکردنی بەربژێری سەرپێچیکار لە ڕکابەریی هەڵبژاردن و ناردنی دۆسییەکەی بۆ دادگای پەیوەندیدار بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و جێبەجێکردنی ئەو سزایانەی لە یاساکانی کارپێکەردا هاتوون.”
ڕوونیشی کردەوە کە تاوانەکانی پەیوەست بە کارتی هەڵبژاردن دێنە ژێر یاسای هەڵبژاردنی ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠١٨ و چاکسازیی ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٣، تاوانەکانیش بریتین لە دەستگرتنی نایاسایی بە کارتی دەنگدەر و کڕین یان فرۆشتنی کارتی هەڵبژاردن و خۆدانە شوێنی دەنگدەرێکی دیكە، یان دەنگدان لەجیاتی و بەکارهێنانی کارتەکە بۆ مەبەستی دروستكردنی کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن.“

