ئاژانسی هەواڵی میزان، میدیای دەسەڵاتی دادی ئێران، ڕایگەیاند دوو زیندانیی فەڕەنسایی کە ناویان ئاشکرا نەکراوە و بە تۆمەتی سیخوڕی لە ئێران دەستبەسەر کرابوون، سزای زیاتر لە 60 ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێنراوە. ئەمەش لە کاتێکدایە تاران، حکوومەتی فەڕەنسای بە جێبەجێنەکردنی بەڵێنێکی پێشوو تۆمەتبار دەکات.
پێش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵەش، ئەسغەر جەهانگیری، گوتەبێژی دەسەڵاتی دادی ئێران، ڕایگەیاندبوو حکوومەتی فەڕەنسا بەڵێنی خۆی بۆ ئازادکردنی “مەهدییە ئێسفەندیاری”، بەندکراوی ئێرانی لە فەڕەنسا، کە بە تۆمەتی “پشتیوانی لە تیرۆریزم” دەستبەسەر کرابوو، جێبەجێ نەکردووە.
لەلایەکی دیکەوە، پێشتریش وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاندبوو تاران بۆ گۆڕینەوەی دوو هاووڵاتیی فەڕەنسایی لەگەڵ “مەهدییە ئێسفەندیاری” لە دانوستاندایە.

