بەربژێری ژمارە ۱۷ی لیستی ۲۷٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت: “دەنگی هاووڵاتییان ئەمانەتی ئێمەیە، ئەمانەتی ڕێبازی بارزانیی نەمرە، ئەمانەتی هەموو ئەو پاڵەوانانەیە کە لە چیا و دۆڵەکانی کوردستان خوێنیان بوو بە گوڵاڵەسوورەی ئازادیی کوردستان. دەنگدان بە پارتی واتا پاراستنی مافەکانی کوردستانە، واتا بەهێزکردنی دەنگی کورد لە بەغدا، واتا ئایندەیەکی گەشتر و ئاوەدانیی زیاتر بۆ کوردستان.”
ژیان شەهید جەلال، خانمە نووسەر و یاساناس و بەربژێری ژمارە ۱۷ی لیستی ۲۷٥ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بازنەی سلێمانی، بۆ زاگرۆس ڕاگەیاند: ”لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و دامەزراندنی عێراقی نوێ و بەستنی چەندین ڕێککەوتننامەی سیاسی لەنێوان کوتلە سیاسییەکانی عێراق، پارتی دیموکراتی کوردستان بە پەرۆشییەوە بەرەوپیری هەر هەنگاوێک چووە کە ئامانج لێی هەنگاونان بووە بەرەو چەسپاندنی فیدڕالیزم و هاوبەشیی ڕاستەقینە، هەربۆیە پارتی تەنیا حزبێكی سیاسی نییە، بەڵکوو نوێنەرایەتیی بوونی کورد دەکات بەرانبەر بەو هزرە شۆڤێنییەی کە هەرجارەو بە بیانوو و پیلانێک هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی و زمانی ئێمە دەدات پارتی خاوەنی مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و ئەرکە سەختەکان، هەر لە یەکەم نەعرەتەی تفەنگەوە لەپێناو ئازادی و سەربەستیی کوردستان بە سەرکردایەتیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، پارتی دیموکراتی کوردستان بووەتە داینەمۆ و پێشڕەوی خەباتی ڕاستەقینەی گەلی کورد. “
گوتیشی: ”هەر لە چیا بەرزەکانی کوردستانەوە تا گۆڕەپانەکانی سیاسەت، پارتی هەمیشە تێکۆشاوە بۆ ئازادی و کەرامەتی نەتەوەیەکی مەزڵووم هەر لە ڕۆژانی تاریکی دیکتاتۆرییەتەوە تا ڕۆژی ڕووناکی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی هەمیشە دەنگی زوڵاڵی ناو دڵی هەر کوردێک بووە کە بە سەربەرزییەوە دەڵێت (ئێمە کوردین و شانازی بە ناسنامەی کوردبوونانمەوە دەکەین و هەرگیز نابەزین)“
ژیان شەهید جەلال، دهشڵێت: “بەغدا هەمیشە بە پاساوی جۆراوجۆر و بە مێنتەڵێتێکی بارگاوی بە پەراوێزخستن هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و شوناس و زمانی ئێمەی داوە. له پەرلەمان و لە هەر کۆبوونەوەیەکی دیکەدا، کاتێک دەستەکانی بەغدا درێژ بوون بۆ سەر مافەکانی ئێمە، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک دیوارێکی پۆڵایین لەوێ ڕاوەستاوە! بووەتە ڕەنگ و دەنگی کورد لە بەغدا. دەنگێکی زوڵاڵ کە هیچ فشار و گەمارۆ و هەڕەشەیەک بێ دەنگی نەکردووە و سازشی پێ نەکردووە. داکۆکیکەرێکی سەرسەخت بووە لەو دۆزە نیشتمانییە و پارێزەرێکی بوێر و سەرڕاست بووە لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.”
هەروەها گوتیشی: “هەرکاتێک بەغدا دەیەوێت بوونی کوردستان ببڕێت، پارتی هەڵوێستی توند و بەرەنگاری هەبووە! کاتێکیش ویستوویانە خاک و زەویی کورد داگیر بکەن، بووەتە قەڵای بەرگری و خۆبەدەستەوەنەدان. پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا حزبێکی سیاسی نییە، بەڵکوو گوزارشتە لە بوونی کورد لە بەغدایەک کە هەرجارەو بە بیانوو و پیلانێک هەوڵی لەناوبردنی شوناسی نەتەوەیی و زمانی ئێمە دەدات.”
ژیان شەهید جەلال، هەروەها گوتیشی: “لەکاتێکدا کە ویستێک هەبێت لەلای هێزە سیاسییەکانی دیكە بۆ ڕێککەوتن و دانوستان و گفتوگۆی بەرهەمدار، پارتی بە گوڕوتینەوە بەرەوپیری چووە و باوەڕی تەواوی بە هێزی نەرمی دیالۆگ هەبووە بۆ لێکحاڵیبوون و چارەسەری گرفت و گرژییەکان، جیا لەوەی کە سەنگی پارتی نەک بۆ نوێنەرایەتیی کورد لە بەغدا گرنگە، بەڵکوو بۆ خودی پرۆسەی سیاسیی عێراقیش گرنگ بووە، هێزێکی بڕیاردەر و یەکلاکەرەوە بووە لە پاراستنی سەقامگیریی سیاسیی عێراق و زۆرینەی کات هەولێر بووەتە چەقی بڕیار و سەکۆی پێکهێنانی زۆر لە کابینەکانی حکوومەتی عێراقیش.“

