دۆسیەی ئاو لە عێراقدا وردەوردە لە باسێکی ژینگەییەوە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێک کە هەڕەشە لە ژیانی ڕۆژانەی ملیۆنان عێراقی دەکات.
بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان یەدەگی ئاوی عێراق بۆ یەکەمجار لە ماوەی هەشتا ساڵدا دابەزیوە بۆ کەمتر لە 10-5 ملیار مەترسێجا، لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکان هۆشداری دەدەن کە هەندێک پارێزگا لەوانەیە توانای دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە چەند ساڵی داهاتوودا لەدەست بدەن.
پێگەى (بەغداد ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە، داتاکانی حکومەت ئاماژە بەوە دەکەن کە توانای کۆگاکردنی بەنداوەکانی عێراق لە 90 ملیار مەترسێجا تێپەڕ دەبێت، بەڵام ئەوەی کە بە کردەوە بۆ کارپێکردن بەردەستە، نزیکیش نییە لە یەک لەسەر سێی ئەم ژمارەیە.
داهاتی ئاوی دیجلە و فورات لە سەرچاوەکانیانەوە دابەزیوە بۆ کەمتر لە 40%، ئەمەش وای کردووە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان ساڵی 2025 بە “ساڵی کەمیی ئاو” ناو ببات.
هاوکات کەمبوونەوەی ئاستی ڕووبارەکان، زیادبوونی سوێری لە کەنداوی عەرەب و دابەزینی کوالێتیی ئاو بۆ ئاستێکە کە هەڕەشە لە تەندروستیی گشتی دەکات.

