وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای کرد کە مانگی داهاتوو خزمەتگوزاریی ئەلیکترۆنیی نوێ لە چوارچێوەی پرۆگرامی کارتی بەشەخۆراکدا رادەگەیەنێت، لەوانە گواستنەوە، زیادکردن و سڕینەوەی کەسەکان و لابردنی بلۆک.
ستار جابری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی بە شەفەق نیوزی راگەیاند: “وەزارەتەکە مانگی داهاتوو زیادکردن و گواستنەوە لە کارتی بەشەخۆراکدا چالاک دەکات، ئەم ئەزموونە بەشێوەیەکی کرداری لە پارێزگای واسیت دەستی پێکردووە و مانگی داهاتوو لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە جێبەجێکردنی دەکرێت.”
ئاماژەی بەوەدا: “زیادکردنی کەسەکان بۆ کارتی بەشەخۆراک بەشێوەیەکی خۆکار دەبێت لەڕێگەی پرۆگرامی ئەلیکترۆنییەوە، بێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی هیچ کام لە فەرمانگە و لقەکانی کۆمپانیاکانی وەزارەت بکات.”
راشیگەیاند: “وەزارەتی بازرگانی لەڕێگەی ئەپی ئەلیکترۆنییەوە خزمەتگوزاریی زیادکردن و هەروەها گواستنەوە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە و سڕینەوە و بلۆککردن و لابردنی بلۆک رادەگەیەنێت، بێ ئەوەی پێویست بە سەردانکردنی فەرمانگەکان بکات، ئەمەش بۆ یەکەمجارە جێبەجێ دەکرێت.”
جابری جەختی لەوە کردەوە: “گۆڕانکارییەکی گەورەی دیجیتاڵی لە ماوەی شەش بۆ نۆ مانگی داهاتوودا روودەدات و زانیارییەکانی نزیکەی 37 ملیۆن هاووڵاتیی عێراقی نوێ دەکرێنەوە بۆ ئەوەی بنکەیەکی زانیاریی پتەومان هەبێت کە بتوانین لەڕێگەیەوە خاوەن داهاتە بەرزەکان و ناوە دووبارەکان و مردووەکان بناسینەوە.”
روونیشی کردەوە: “زیاتر لە چوار ملیۆن هاووڵاتی لە کارتی بەشەخۆراک بلۆک کراون کە خاوەن داهاتی بەرز و کۆمپانیان”، دووپاتی کردەوە کە “پارەی بەشەخۆراکی ئەم چوار ملیۆنە دەگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بۆ باشترکردنی جۆرەکانی بەشەخۆراک سوودی لێ وەربگیرێت.”
جابری رایگەیاند: “تا ئێستا 41 ملیۆن و 900 کەس زانیارییەکانی خۆیان نوێ کردووەتەوە.”

