کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند زیاتر لە 23 ملیۆن کارتی دەنگدان بە تایبەتمەندی ئەمنییەوە ئامادیه و بەپێی پلانێک بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکان دەگوازرێنەوه.
نیبراس ئەبو سودە، جێگری گوتەبێژی کۆمیسیۆن رایگەیاند: “ژمارەی فۆڕمەکانی دەنگدان کە بۆ دەنگدەرانی گشتی تەرخانکراون، گەیشتووەتە 22,046,200 فۆڕم، لەکاتێکدا 1,509,300 فۆڕمیش بۆ هەڵبژاردنی تایبەت تەرخانکراوە، لەگەڵ پەسەندکردنی فۆڕمه یەدەگەکان بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکان.”
روونیشی کردەوە: “کارتەکان بەپێی پێوەرە ئەمنییە توندەکان چاپ دەکرێن کە نیشانەی ئەمنیی شاراوە و حبرێکی تایبەت لەخۆدەگرێت کە تەنیا بە ئامێر و تاقیکردنەوەی دیارکراو ئاشکرا دەکرێن، لەگەڵ تایبەتمەندی دیکە کە رێگری لە کۆپیکردن دەکات و بەکارهێنانی جۆرە کاغەزێکی تایبەت کە نیشانەی هاوشێوەی ئەوانەی لە دراوی نەختینەدا بەکاردێن لەخۆدەگرێت، بەمەش زامن دەکرێت کە ساختەکردن یان دەستکاریکردنیان ئەستەم بێت.”
ئاماژەی بەوەشدا: “پڕۆسەی گواستنەوەی فۆڕمەکانی دەنگدان بەپێی پلانی دابەشکردن دەبێت کە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەی باڵای ئەمنی هەڵبژاردنەکان ئامادەکراوە، بۆ زامنکردنی سەلامەتیی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە جۆرێک کە فۆڕمەکان لە کۆگای پارێزراودا دادەنرێن کە مەرجەکانی سەلامەتی پەسەندکراویان تێدایە.”
راشیگەیاند: “فۆڕمەکان دوای تەواوبوونی دەنگدان و ژماردن و جیاکردنەوە کۆدەکرێنەوە و لە ئەرشیفی کۆمیسیۆندا هەڵدەگیرێن بەپێی پێوەرەکانی سەلامەتی و شەفافیەت، بەمەش بۆ ئەوەی لەکاتی پێویستدا بۆ زامنکردنی پاکیی پڕۆسەی هەڵبژاردن بەکاربهێنرێن.”

