وەزارەتی دادی عێراق رایگەیاند کە دۆسیەیەکی دادگایی بردووەتەوە کە لەبەردەم دادگای پاریس لەلایەن کۆمپانیای “صقر الخلیج”ـەوە تۆمارکرابوو، کە داوای ناوبژیوانی و وەرگرتنی بڕی 49 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی لە حکومەتی عێراق کردبوو.
هەیسەم محی رازی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی یاسایی لە وەزارەت، به شەفەق نیوزی رایگەیاند کە “کۆمپانیاکە دوو گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراق لە ساڵی 2000دا بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی ئەنجام دابوو، بەڵام بارودۆخە نائاساییەکان و رووداوەکانی دوای ساڵی 2003 بوونە هۆی راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانە.”
راشیگەیاند: “کۆمپانیاکە دواتر هەوڵی دا پەنا بباتە بەر ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بۆ داواکردنی قەرەبوویەکی دارایی زۆر، بەڵام تیمی وەزارەتی داد توانی هەموو ئەو بەڵگەنامانەی خرانەڕوو پووچەڵ بکاتەوە و سەلامەتی هەڵوێستی یاسایی عێراق بسەلمێنێت.”
رازی جەختی لەوە کردەوە کە “فەرمانگەی یاسایی هەوڵێکی نایابی داوە لە بەدواداچوونی کەیسەکەدا لە سەرەتای دروستبوونی ناکۆکییەکە لە ساڵی 2023ـەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان، تا دەرچوونی بڕیاری کۆتایی بە قازانجی عێراق.” روونیشیکردەوە کە ئەم “سەرکەوتنە رەنگدانەوەی لێهاتوویی کارمەندە یاساییەکانی عێراق و توانایانە لە بەرگریکردن لە ماف و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت لە کۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا.”

