ڕۆژی دووشەممە، ٢٧ی تشرینی یەکەم، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک دوورگەی لێسبۆسی یۆنان، چوار کۆچبەر گیانیان لەدەست دا. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، بەمەش ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی ئەمساڵ لە دەریای نیوەڕاستدا گیانیان لەدەست داوە یان بێسەروشوێن بوون، گەیشتە نزیکەی ١٤٠٠ کە.
ئاژانسی فرانس پرێس ڕایگەیاندووە، ئەم ڕووداوە لە نزیک دوورگەی لێسبۆس ڕووی داوە و پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە. بەمەش ژمارەی قوربانیانی کۆچبەران لەم ناوچەیەدا، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە گەیشتووەتە ١٠ کەس.
بەرپرسێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاندووە، چوار پیاوەکە لە نزیک لێسبۆس لە دەریا دەرهێنراون، لە کاتێکدا حەوت کەسی دیکە لەلایەن بەلەمەکانی گەڕۆکەوە لە مردن ڕزگار کراون. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو بایانەی بە خێرایی ٦٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە ناوچەیەکی نزیک کەناراوەکانی تورکیا هەڵیان کردووە، بوونەتە هۆی ئەم ڕووداوە.
ئەو زیادیشی کردووە، “ئۆپەراسیۆنی گەڕان و پشکنینی پاسەوانی کەناراوەکان لەم ناوچەیەدا هێشتا بەردەوامە، بۆ ئەوەی ئەگەر قوربانیی دیکە هەبن، ڕزگار بکرێن”. ئەو بەرپرسە دەڵێت، لە ئێستادا زانیاریی ورد لەبارەی ژمارەی ئەو کەسانەی لەو بەلەمەدا بوون، لەبەردەستدا نییە.
دوورگەی لێسبۆس کە لە نزیک کەناراوەکانی ڕۆژئاوای تورکیا هەڵکەوتووە، لەگەڵ دوورگەکانی دیکەی یۆنان وەک خیۆس، کۆس، لێرۆس و سامۆس، بە یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی هاتنی کۆچبەران بۆ ئەوروپا دادەنرێت. ئەم گوزەرە مەترسیدارانە لە دەریایەکی مەترسیدارتردا، زۆرجار دەبێتە هۆی مردنی کۆچبەران لە ڕۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاستدا.
ڕووداوی دوێنێ سێیەمین ڕووداوی کوشندەی ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەرانە لەم ناوچەیەدا، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمەوە. لە ٧ی تشرینی یەکەمیشدا، چوار کۆچبەری دیکە لە هەمان شوێن گیانیان لەدەست دابوو. ڕۆژی هەینی، ١٧ کەس لە نزیک شاری کەناراوەکانی بۆدرومی باشووری ڕۆژئاوای تورکیا، بە دووری ٥ کیلۆمەتر لە دوورگەی کۆسی یۆنان، خنکان. هەفتەیەک پێش ئەوەش، تەرمی دوو ژن بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی ٢٩ کەسییەوە، لە کەناراوە بەردەڵانەکانی دوورگەی خیۆس دۆزرابوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، نزیکەی ١٤٠٠ کۆچبەر لە دەریای نێوەڕاستدا یان بێسەروشوێن بوون یان گیانیان لەدەست داوە.

