zagros news agency

ڕۆژنامەی تایمز: بەریتانیا کۆچبەرانی نایاسایی دەگوازێتەوە سەربازگەکان

 

ڕۆژنامەی ‘تایمز’ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بەنیازە تا کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی داهاتوو کۆچبەرانی نایاسایی لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئێستایان لە هۆتێلەکاندا بگوازێتەوە بۆ ژمارەیەک بنکەی سەربازی.

ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە، کۆچبەران دەگوازرێنەوە سەربازگەیەکی سەر بە بنکەیەکی سەربازیی لە نزیک شاری ئینڤێرنێس لە سکۆتلاند و کەمپێکی مەشقی سەربازیی لە ڕۆژهەڵاتی ساسێکس لە باشووری ئینگلتەرا، ئاماژەی بەوەشدا، پێشبینی دەکرێت لە قۆناغی یەکەمدا نزیکەی 900 کۆچبەر بنێرنە ئەو سەربازگانە.

ڕۆژنامەی ‘تایمز’ باسی لەوەشکردووە، وەزارەتەکە پلانی هەیە بەرنامەکە فراوانتر بکات بۆ ئەوەی نزیکەی 10 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەم دامەزراوە سەربازیانەدا نیشتەجێ دەکرێن.

 

ڕاشیگەیاند، ئەم ڕێوشوێنە بە ئامانجی کەمکردنەوەی فشارە لەسەر بودجەی دەوڵەت و کەمکردنەوەی ئەو تێچووە زۆرانەیە کە لە ئەنجامی نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە هۆتێلەکاندا لەسەریان کەڵەکەبووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی لیژنەی کاروباری ناوخۆ لە پەرلەمانی بەریتانیا، کە لە 27ـی تشرینی یەکەمدا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، حکوومەت لە 2019 تا 2029، پارەی کرێی ئەو هۆتێلانەی بۆ کۆچبەران دەیدات نزیکەی 15.3 ملیار پاوەندە، کەدەکاتە نزیکەی 20.4 ملیار دۆلار. بەڵام حکوومەتی بەریتانیا بەڵێنی داوە تا ساڵی 2029 قۆناغ بە قۆناغ نیشتەجێکردنی کۆچبەران لە هۆتێلەکاندا کۆتایی پێبهێنێت.

بەپێی داتاکان وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا تا مانگی ئاداری 2025، نزیکەی 32 هەزار کۆچبەری نایاسایی لە 210 هۆتێل لە سەرانسەری بەریتانیا نیشتەجێکراون.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستێکی باڵا لە زانکۆی هەولێری پزیشکی کرایەوە

سەڵاح

دژبەرانی حکوومەتی ئێران لە بەلووچستان ٦ چەکداری سەر بە حکوومەتیان کوشت

یاسین

پەروین گۆران: دێ کارکەم بۆ بهێزکرنا کەرتێ چاندنێ و پالپشتی کرنا زێدەتر یا جوتیاران

سەڵاح