بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، تیمەکانی ناوتۆمارکردنی ڕووناکی، لە ڕانیە دەستیان بە کارەکانیان کرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڵاوی كردەوە: “لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، لە ڕێگەی پرۆژەی ڕووناکی، تیمەکانی ناوتۆمارکردنی ڕووناکی، لە ڕانیە دەستیان بە کارەکانیان کرد.”
ئاماژە بەوەش دراوە: “لەو چوارچێوەیەدا تیمەكان نامیلکەی خۆتۆمارکردنیان لە پڕۆژەی ڕووناکی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش کرد.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاشكراشی كردووە:” پرۆژەکە لە فراوانبوون بەردەوامە، تاوەكوو ئێستا لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە چوارملیۆن هاووڵاتی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە و زیاتر لە سێ هەزار و 200 مۆلیدەی تایبەتیش کوژێندراونەتەوە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاکبوونەوەی کەشوهەوا هەبووە، هەروەها تاکوو ئێستا زیاتر لە 115 هەزار شوێنی بازرگانی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.”
بڕیارە تاوەكوو کۆتاییی ساڵی 2026، تەواوی هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری.
جەختیشی كردووەتەوە، سەنتەری خزمەتگوزاریی پرۆژەی ڕووناکی، بەردەستە و هاووڵاتییان لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە 1992؛ سەنتەرەکە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تاکوو 12ی شەو بەردەستە.

