نەسیر ئەحمەد فایق، سەرپەرشتیاری نوێنەرایەتیی هەمیشەیی ئەفغانستان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات لە لایەن چەکدارانی تالیبانەوە دەربڕی و ڕایگەیاند ژمارەیەکی زۆر لە ئافرەتان و کچانی دەستبەسەرکراو لە ئەفغانستان بە بیانووی “بێحیجابی” ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی، دەستدرێژیی سێکسی و دەستبەسەرکردنی ناڕەوا بوونەتەوە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان ڕاپۆرتە مەیدانییەکانی هەرات نیشاندەری پەرەسەندنی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن و پشکنینە توندەکانی چەکدارانی فەرمان بە چاکە دژی ئافرەتانن.
نەسیر ئەحمەد فایق لە بەیاننامەیەکدا نائەمنی و پێشێلکاریی سیستماتیکی مافەکانی مرۆڤی لە لایەن چەکدارانی هەواڵگری و وەزارەتی فەرمان بە چاکەی تالیبانەوە شەرمەزار کرد. بە گوتەی ئەو، ڕاپۆرتی بەڵگەمەند و دڵتەزێن هەن نیشانی دەدەن ئافرەتان و کچانی دەستبەسەرکراو لە کاتی دەستبەسەریدا، جیا لە سووکایەتی و لێدان، ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی و دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد تالیبان لە چەندین حاڵەتدا گوشاریان خستووەتە سەر ئەم ئافرەتانە و خێزانەکانیان تا بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ لەگەڵ ئەندامانی ئەم گرووپە ڕازی ببن.
فایق گومانی خستە سەر بانگەشەی تالیبان بۆ دابینکردنی دادپەروەری و ڕووی لە سەرکردایەتیی ئەم گرووپە کرد و پرسی: “ئایا سەرکردایەتیی تالیبان لەم کار و ڕەفتارە تاوانکارییانەی هێزەکانی ئاگادارە، یان ئەم جۆرە کارانە بە ڕێنمایی و ڕەزامەندیی ئەوان ئەنجام دەدرێن؟” ناوبراو هەروەها سەبارەت بە “کەلتووری پارێزبەندی لە سزا” بۆ چەکدارانی تالیبان هۆشداریی دا و جەختی کردەوە جێبەجێکردنی هەڵاواردنی سزاکان تەنها دژی خەڵکی ئاسایی، دووریی ئاشکرای ئەم گرووپە لە سەروەریی یاسا و دادپەروەری نیشان دەدات.
هاوکات ڕاپۆرتەکان لە هەراتەوە باس لەوە دەکەن چەکدارانی تالیبان ئامادەیی خۆیان لە بازاڕ و نێوەندەکانی کڕینی تایبەت بە ئافرەتان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. بە گوتەی سەرچاوە خۆجێییەکان، هیچ ئافرەتێک بێ هەبوونی ماسک، گۆرەوی، نیقاب و چارشێوی درێژ ڕێگەی هاتوچۆی لە شاردا پێ نادرێت و تەنانەت ئەوانەی ئەم پۆشاکەیش ڕەچاو دەکەن، لە تێبینی و هەڵسوکەوتە توندەکانی پشکنەران بەدوور نین. یەکێک لە ئافرەتانی دانیشتووی هەرات لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای “ئامۆ” گوتی: “هەر جارێک بۆ ئەنجامدانی سادەترین کارە ڕۆژانەکان لە ماڵ دێینە دەرێ، نازانین بە ساغی دەگەڕێینەوە یان نا. ترسی دەستبەسەرکردن هەمیشە لەگەڵماندایە و ئیتر هەست بە هیچ ئازادی و ئەمنییەتێک ناکەین.”
شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنەکان لە هەرات کە لە مانگی ڕابردووەوە دەستی پێ کردووە، پێشتریش کاردانەوەی زۆری ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتبووەوە. ئەگەرچی خالید حەنەفی، وەزیری فەرمان بە چاکەی تالیبان لە سەردانەکەیدا بۆ هەرات ئەم ڕاپۆرتانەی بە “پڕوپاگەندە” ناو برد، بەڵام ڕاپۆرتە سەربەخۆ نێودەوڵەتییەکان لێدوانەکانی نەسیر ئەحمەد فایق پشتڕاست دەکەنەوە. پێشتر ڕیچارد بێنێت، ڕاپۆرتدەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان، لە ڕاپۆرتێکی فەرمیدا چەندین حاڵەتی دەستدرێژی، پەلاماری سێکسی و لێدانی ئافرەتانی دەستبەسەرکراوی بە تۆمەتی بێحیجابی لە گرتووخانە و زیندانەکانی تالیباندا بەڵگەمەند کردبوو.

