عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دووپاتی کردەوە کە “ئاڵای دانوستان هەرگیز نەکەوتووەتە خوارەوە” و تاران ئامادەیە بۆ دانوستان، بەڵام بە مەرجی ڕێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش، دوور لە هەڕەشە و فشار.
عەراقچی ڕۆژی پێنجشەممە، ٣٠ی تشرینی یەکەم، گوتی: “هەر کاتێک لایەنەکانی بەرانبەر ئامادەی گفتوگۆی دادپەروەرانە و ڕێزدارانە بن، ئێران ئامادەیی هەیە لە ڕێگەی دانوستانەکانی بنیاتنەردا هەنگاو بنێت.”
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی، لەوانەش وەزیری دەرەوە، چەندین جار ئەم بابەتەیان دەربڕیوە، بەتایبەت کە ویلایەتە یەکگرتووەکان چەندین جار داوای سفرکردنەوەی پیتاندنی لە ئێران کردووە. بەڵام لایەنەکانی بەرانبەر تاران بە کاتکوشتن لە دانوستانەکاندا، شاردنەوە لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمی و هەوڵی کۆماری ئیسلامی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئاستی پێویست بۆ چەکی ئەتۆمی تۆمەتبار دەکەن.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، بەم دواییانە دانی بەوەدا نابوو کە “دانوستان تەنیا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن نییە و هەندێک جار دانوستان بۆ ڕوونکردنەوەی هەڵوێستەکان، هەندێک جار بۆ تەواوکردنی حوجەت و هەندێک جاریش بۆ بەڕێوەبردنی قەیران ئەنجام دەدرێت.”
بەرپرسانی تاران، دوای ڕوودانی جەنگی ١٢ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و بەشداریکردنی ئەمریکا لە هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، هەمیشە ڕەخنەیان گرتووە کە ئەم جەنگە لەنێوان دانوستانەکاندا لەگەڵ ئەمریکا ڕووی دا؛ دانوستانێک کە بڕیار بوو ئەنجامەکەی ڕێککەوتن بێت لەسەر چارەسەرکردنی پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران، بەڵام لە ماوەیەکی درێژدا هیچ پێشکەوتنێکی دیاریکراوی بەخۆوە نەبینی.
هەواڵی پێشوو
هەواڵی داهاتوو

