جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەفغانستان هەوڵی تەواو نادات بۆ ڕێگریی لە هاتنە ناوەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ژیان لە نێوان ئەفغانستان و ئێران هۆکاری سەرەکی کۆچکردنە.
نادر یار ئەحمەدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: حکوومەتی ئەفغانستان هەوڵی تەواو بۆ ڕێگریی لە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئێران ناکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئاستی ژیانی نێوان هاووڵاتیانی ئەفغانستان و ئێران هۆکاری سەرەکی کۆچکردنەکەیە.
نادر یار ئەحمەدی دەڵێت وەزارەتی ناوخۆی ئێران ئێستا کار لەسەر گواستنەوەی پرسی هاوسەرگیری لەگەڵ بیانییەکان لە بازنەی شەریعەتەوە بۆ چوارچێوەی یاسایی دەکات، گوتی: ئەم بابەتە مشتومڕێکی زۆر لە نێوان لایەنگران و نەیاران دروست دەکات، بەڵام دۆخەکە وادەخوازێت، باشترە هەنگاو بنێن بۆ هاوسەرگیری یاسایی، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کێشانەی لە هاوسەرگیری نایاسایی دروست دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئێرانییە ئاماژەی بەوەدا حکوومەتی ئێران، ئامادەیە بەشێوەیەکی یاسایی زۆرێک لەو ئەفغانیانە وەک کرێکاری ئاسایی وەربگرێت، هەروەها پزیشکی پسپۆڕ و شارەزای تایبەت دەرنەکراون، بۆیە دەتوانرێت بەم ڕێکارانە دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێت.
دەشڵێت: بەداخەوە ڕەخنەی ئێمە لە حکوومەتی ئەفغانستان ئەوەیە کە هەوڵی پێویست نادات بۆ سنووردارکردنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەمان.
جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران ئاماژەی بەوەشکرد، چارەسەرکردنی جیاوازی ئابووری و کۆمەڵایەتی نێوان ئەفغانستان و ئێران بە فاکتەری سەرەکی بۆ وەستاندنی شەپۆلەکانی کۆچبەران دادەنرێت”، ڕوونیشیکردەوە “ئەگەر ئەم پرسە چارەسەر نەکرێت، ناتوانین بگەینە ئەنجامێک دەربارەی پرسی کۆچ.”

