بەرپرسان و شوێنەوارناسانی عێراقی، لەمیانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی (ڕۆیتەرز)، هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکی بێوێنە بۆ سەر مێژووی هەزاران ساڵەی ئەو وڵاتە.
بە گوتەی شوێنەوارناسان، کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەوانەش زیادبوونی سوێریی خاک و وشکەساڵی، بووەتە هۆی وێرانبوونی شوێنەوارەکانی باشووری عێراق، لەناویاندا شارە کۆنەکانی ئوور و بابل کە سەردەمانێک ناوەندی شارستانیەت و لانکەی مێژووی مرۆڤایەتی بوون.
لە هەواڵێکدا کە ماڵپەڕی (بەغدا ئەلیەوم) بڵاوی کردووەتەوە، کاربەدەستانی شوێنەواری زیقاڕ ڕایانگەیاندووە؛ “سوێریی خاک لە ئەنجامی ئەو کەشوهەوا سەختەوە دروست دەبێت، بووەتە هۆی وەرینی ئەو خشتە قوڕانەی لە دروستکردنی پەرستگا و شوێنەوارە دێرینەکاندا بەکار هێنراون، ئەمەش بووەتە هۆی هەڕەشەی داڕمانی تەواو لە ماوەی چەند ساڵێکدا، ئەگەر ڕێوشوێنی بەپەلە نەگیرێتە بەر.”
کازم حەسوون، لێکۆڵەر و شوێنەوارناس لە زیقاڕ، باس لەوە دەکات، بەشێکی بەرچاوی گۆڕستانی شاهانەی ئوور لەناو چووە، هەروەها بەهۆی سوێربوونی ئاوی ژێرزەوی و گەرمای زۆر و وشکەساڵییەوە، زیان بە بیناکانی شارە دێرینەکان گەیشتووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، بەردەوامبوونی ئەم هۆکارانە دەبێتە هۆی داڕمانی تەواوەتیی ئەو خشتە قوڕانەی کە لە دروستکردنی گۆڕ و پەرستگاکاندا بەکار دەهێنرێن.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدوڵا نەسڕوڵا، لێکۆڵەر و شوێنەوارناس پشتڕاستی دەکاتەوە؛ “تێکچوونەکە تەنانەت کاریگەری لەسەر قوللەی ئووردا هەبووە کە میراتی جیهانیی یونسکۆیە. ئێستا دە مەتر لە بەرزیی سەرەتایی خۆی کە ٢٧ مەتر بوو، لەدەست داوە، هەروەها بای باکوور و تەپۆڵکە خۆڵەکان وردە وردە دیوارەکانی باکووری شوێنەوارەکە دەشێوێنن.”

