zagros news agency

تورکیا لەبەرامبەر نەوتدا کونتروڵی پڕۆژەکانی ئاوی عێراق دەکات

 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی (ڕۆیتەرز)، ئەمڕۆ دووشەممە (٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥)، وردەکاریی ڕێککەوتنێکی نوێی نێوان عێراق و تورکیای ئاشکرا کرد.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، مافی جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی ئاو لەناو خاکی عێراقدا دەدرێت بە کۆمپانیا تورکییەکان، لەبەرامبەردا تێچووەکەی لە داهاتی ئەو نەوتە عێراقییە دابین دەکرێت کە هەناردەی ئەنقەرە دەکرێت.

ئاژانسەکە، بەپێی وەرگێڕانی (بەغداد ئەلیەوم)، ڕایگەیاندووە: “ئەو ڕێککەوتنەی لە بەغدا لەنێوان حکوومەتی عێراق و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا واژۆ کراوە، وەک هەوڵێک دێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاو لە وڵاتدا کە لە ئەنجامی کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە لە ساڵانی ڕابردوودا سەریهەڵداوە.”

هەروەها ڕوونی کردووەتەوە: “کۆمپانیا تورکییەکان پڕۆژەی ئاو و بەنداو لەناو عێراقدا دروست دەكەن، بەمەرجێک تێچووی ئەو پڕۆژانە لە ڕێگەی داهاتی ئەو نەوتەوە دابین بکرێت کە عێراق بە تورکیای دەفرۆشێت.”

ئاژانسەکە ئەوەشی گوتووە: “حکوومەتی عێراق لێژنەیەکی تایبەت بە ژێرخانی ئاو پێکدەهێنێت کە ئەرکی بانگهێشتکردنی کۆمپانیا تورکییەکان دەبێت بۆ پێشکەشکردنی گرێبەستەکان بە شێوەیەکی تایبەت.”

(ڕۆیتەرز) ئاماژەی بەوەش کردووە: “قۆناغی یەکەمی ئەو وەبەرهێنانانە دروستکردنی بەنداوێکی نوێ بۆ گلدانەوەی ئاو لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ سێ دەستپێشخەری بۆ شیاوکردنەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەو ناوچانەی بەهۆی وشکەساڵییەوە زیانیان بەرکەوتووە.”

هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە “نەخشەڕێگای سەرەتایی ڕێککەوتنەکە لە کاتی سەردانی ساڵی ڕابردووی سەرۆکی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بۆ بەغدا داڕێژراوە.”

ئەم مامەڵە مشتومڕاوییە لەکاتێکدایە کە عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەختی ئاو بووەتەوە، هاوکات لەگەڵ دابەزینێکی بەرچاوی ئاستی ئاو لە ڕووبارەکانی دیجلە و فوراتدا، ئەمەش ئاڵنگارییەکانی بەردەم کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی لە پارێزگا جیاجیاکانی عێراقدا قورستر کردووە.

هەواڵی پەیوەندیدار

دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی دانانی وێستگەی سیستمی ئاودان بۆ دارستانی قەزای خەبات کرا

یاسین

نرخی دۆلار لە ئێران لە ١٣٠ هەزار تمەن نزیک دەبێتەوە

یاسین

هەواڵێکی ناخۆش بۆ هاندەرانی بەرشەلۆنە

یاسین